كابول
لە پەلاماریكی خۆكوژیدا لە كابولی پایتەختی ئەفغانستان كە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كاروانێكی هێزەكانی ناتۆ، سێ كارمەندی هێزی پشتیوانی ئاسایشی نێودەوڵەتی گیانیان لەدەستدا.
لە روونكردنەوەیەكدا، كە لەلایەن هێزی پشتیوانی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە (ئیساف)ەوە بڵاوكراوەتەوە هاتووە:"لە ئەنجامی پەلامارێكی دوژمنكارانەدا سێ كارمەندی هێزی پشتیوانی ئاسایشی نێودەوڵەتی گیانیان لەدەستداوە. لە بارەی رووداوەكەشەوە لێپرسراوانی ئیساف و ئەفغانی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە."
لە روونكردنەوەكەدا هیچ زانیاریەك سەبارەت بە ناسنامەی ئەو كارمەندانە نەخراوەتەڕوو، كە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
تەقینەوەكە لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابول ئەنجامدراوە و بە گوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، 13 هاوڵاتی مەدەن برینداربوون، كە برینی هەندێكیان سەختە. 17 ئۆتۆمبێلیش تیكشكاون.
تاڵیبان بەرپرسیارێتی پەلامارەكەی گرتە ئەستۆی خۆی، وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانیش ئیدانەی كرد.
یەكێك لە شاهیدەكان كە رووداوەكەی بەچاوی خۆی بینیوە، ئاماژە بەوە دەكات، كە تەرمی 10 سەربازی بیانی ژماردووە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنی بینیوە كە برینداربوون. بەهۆی بەهێزی تەقینەوەكەوە،ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە و دوو ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕی هێزەكانی ناتۆش تێكشكاون، شوشەی پەنجەرەی ئەو دوكانانەش شكاون كە لە شوێنی ڕووداوەكەوە نزیك بوون.رێگەكانی هاتووچۆ بەڕووی خەڵكدا داخران و تەنیا ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن رەوانەی ناوچەكە كران.