Sarmand Hameed
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2018
ئیستانبوڵ - AA
لە ئاکامی هێرشێکی خۆکوژی لە هەرێمی هێلمەند باشووری ئەفغانستان، لانی کەم پێنج کەس کوژران و ١٠ی دیکە بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی خامە پرێس بەیاننامەیەکی لە نووسینگەی راگەیاندنی هەرێمی هێلمەندی گواستووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە خۆکوژێک لە رێگەی ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراو خۆی لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی تەقاندووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا چوار هاووڵاتیی سڤیل و پۆلیسێک کوژراون.
لە وەڵامی هێرشەکەدا، حکوومەتی هەرێمی هێلمەند لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمەکە بەردەوام دەبێت و راگەیەنراوە کە ئەو جۆرە هێرشە کاریگەری نابێت لەسەر کارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆتاییهێنان بە تیرۆریستان.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.