Sangar Hamad Azeez
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ گوتی: "بەم نزیکانە چارەنووسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکلایی دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو رژێمە خوێناوییە نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".
دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی، ترەمپ و مێرکڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد و تیایدا باسیان لە بابەتەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و کۆریای باکوور کرد.
ترەمپ گوتی: "بەم نزیکانە چارەنووسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکلایی دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو رژێمە خوێناوییە نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".
ترەمپ تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی داعش و گوتی: "سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە کۆتایی نزیک بووینەتەوە بەڵام ئێران بۆشاییەکی دروست کردووە و رێگری دەکات لە کۆتایی پێهێنانی ئەو رێکخراوە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە چەندین وڵاتی دەوڵەمەند لە ناوچەکە هەن و گوتیشی: " دەبێت خەرجی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تەرخان بکرێت، ئەوکات بەرەنگاربوونەوەی داعش کاریگەرتر دەبێت".
" کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور".
لەلایەکی دیکەوە ترەمپ ستایشی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی کۆریایی کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کرد و گوتیشی: "دەبوو ئەم بابەتە زۆر زووتر چارەسەرکرابایە. بەڵام چارەسەرکردنی ئەو بابەتە ئێستا بووەتە بەرپرسیارییەتی من. با ئێمە هەڵەی کابینەکانی دیکە دووبارە نەکەینەوە. تا ئەوکاتەی بەتەواوی کۆریای باکوور لە چەکی ئەتۆمی دادەماڵین فشارە سیاسییەکانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە بە توندترین شێوە بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بە کۆبوونەوەیشی لەگەڵ کیم جۆن ئون ترەمپ گوتی " لە کۆبوونەوەکانمان باس لە کارەکانمان لەبارەی هەردوو ناوچەکە دەکەین".
ترەمپ لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە باسی لە مەراسیمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس کرد کە بڕیارە لە ١٤ی مانگی داهاتوو بکرێتەوە و گوتی "بڕیارەکە بە دروست دەزانم، ئەگەری هەیە بەشداری بکەم لە مەراسیمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس".