Şerife Çetin
24 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2023
نیویۆرک - AA
دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوە کرا گرووپی چەکداریی ڤاگنەر کە یەڤگێنی پریگۆجین دامەزرێنەرێتی و دژی وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو وەستاوەتەوە، لە ئۆکرایناوە سنووری بەزاندووە و چووەتە خاکی رووسیاوە، ئەمریکا رایگەیاند: "چاودێری پێشهاتەکان دەکەین. زانیاریی دراوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن".
بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ئادەم هۆدج راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بابەتەکە بڵاوکردەوە.
ئادەم هۆدج رایگەیاند: "چاودێری پێشهاتەکان دەکەین. زانیاری دراوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن".
هەروەها هۆدج باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکاندا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی پێشهاتەکانی رووسیا.
- گرژییەکانی رووسیا
پریگۆجین کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە ئۆکرایناوە سنووری بەزاندووە و چووەتە خاکی رووسیاوە رایگەیاند: "با وەزارەتی بەرگریی (رووسیا) ئەو سەربازانە بکشێنێتەوە کە ناردوویەتی بۆ رێگریی کردنمان. هەر کەسێک بێتە سەر رێگامان لەناوی دەبەین. تا کۆتایی دەڕۆین".
دامەزرێنەری گرووپی چەکداریی ڤاگنەر، یەڤگێنی پریگۆجین سوپای رووسیای تۆمەتبار کردبوو بە هێرشکردنە سەر ڤاگنەر و هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەی کردبوو. لە بەرامبەردا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تۆمەتی "یاخیبوونی چەکداریی" دۆسیەی لەسەر کردەوە و داوای لە ئەندامانی ڤاگنەر کردبوو پریگۆجین دەستگیر بکەن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر.
هاوکات لە مۆسکۆ رێوشوێنی ئەمنیی توند گیراوەتەبەر.