Dmitri Chirciu
24 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2023
مۆسکۆ - AA
دوای ئەوەی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی رووسی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆجین سوپای رووسیای بەوە تاوانبارکرد کە هێرشی کردووەتە سەر گرووپەکەی و هەڕشەی وەڵامدانەوە کرد، ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵیی وڵاتەکە دۆسیەیەکی بە تاوانی "یاخیبوونی چەکداریی" لەسەر پریگۆژین کردەوە.
پریگۆژین لە پەیامێکیدا لە لە تێلێگرام بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سوپای رووسیا هێرشی کردووتە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر.
دامەزرێنەری ڤاگنەر باسی لەوەش کردبوو کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا ڤاگنەری فریوداوە و دەیەوێت لەناوی ببات و گوتی: "ئامادەبووین سازش بۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا بکەین، چەکەکانمان رادەستبکەین و لە داهاتوودا چارەسەرێک بۆ چۆنییەتی پاراستنی وڵاتەکەمان بدۆزینەوە".
پیرگۆژین گوتیشی: "ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشیان کردە سەر کەمپەکانمان. ژمارەیەکی زۆر سەربازمان کوژران".
یەڤگینی پریگۆجین جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە و گوتی: "کۆنسەی ڤاگنەر بڕیاری دەرکرد. دەبێت ئیدارەی سەربازیی وڵاتەکەمان ئەو خراپکارییە رابگرێت کە دەستی پێکردووە. ئەوانەی ئەمڕۆ پیاوەکانی ئێمەیان کوشت و بوونەتە هۆکاری کوشتنی دەیان هەزار سەربازی رووسی سزادەدرێن. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە رووبەڕوومان نەبنەوە. ئەوەی رووبەروومان دەبێتەوە بە هەڕەشە دایدەنێین و دەستبەجێ لەناوی دەبەین. هەوڵ مەدەن رێگامان لێبگرن. دوای کۆتاییهێنان بەوەی دەستمان پێکردووە دووبارە بۆ بەرەکانی جەنگ دەگەڕێینەوە و بەردەوام دەبین لە پاراستنی وڵاتەکەمان. ئەوانە لەناودەبەین کە سەربازەکانمانیان کوشت و دادپەروەریی دەستەبەر دەکەین. ٢٥ هەزار کەسمان هەیە و دەچین بۆ ئەوەی ئاژاوەکانی وڵاتەکەمان چارەسەر بکەین. هێزی تەکتیک و ستراتیژیی ٢٥ هەزار کەسیمان چاوەڕێمان دەکەن. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە بێنە ریزەکانمان. ئەمە کودەتایەکی سەربازیی نییە. ئەمە چوڵانەوەی دادپەروەرییە. چالاکییەکانمان رێگریی لە سوپا نییە. زۆرینەی سەربازانی رووسیا پاڵپشتیمان دەکەن. پەیامی پاڵپشتیمان بۆ دەنێرن".
پیرگۆژین ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو "بەمەبەستی لەناوبردنی ڤاگنەر بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن هاتووە بۆ ناوچەی رۆستۆڤ و تۆپخانەکان و هێزە ئاسمانییەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنێت" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەرمی زیاتر لە دوو هەزار سەربازی رووسی دۆزراونەتەوە و ونبووەکان شاردراونەتەوە.
- وەزارەتی بەرگریی رووسیا هێرشەکەی بەدرۆخستەوە
هاوکات لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو گرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە کەمپەکانی ڤاگنەر بڵاوبووتەوە "سەختە" و "ئیستفزازین".
لای خۆیەوە گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پیسکۆڤ لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بابەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاری لەسەر رووداوەکە بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دراوە و رێوشوێنی پێویست لەسەر ئەم بابەتە گیراوتەبەر.
- ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵیی هاتە سەرخەت
لەو راگەیەندراوەی کە لە لیژنەی نیشتمانیی رووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە لێدوانەکانی پریگۆژین دوورە لە راستییەوە و تێیدا هاتووە: "ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵیی، دۆسیەیەکی بە تاوانی یاخیبوونی چەکداریی کردووەتەوە. داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بەو چالاکییە ناشەرعییە بهێندرێت".