Cüneyt Karadağ,Bahattin Gönültaş
14 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
بەرلین - AA
حکوومەتی ئەڵمانیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە بری فڕۆکەی تۆڕنادۆ، ٣٥ فڕۆکەی جۆری "F-35" لە ئەمریکا دەکڕن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "DPA"ی ئەڵمانی، سوپای ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی بەهاوچەرخکردنی کەرتی سەربازیدا کە بوودجەی ١٠٠ ملیار یۆرۆی بۆ تەرخانکراوە، دەیەوێت ببێتە خاوەنی فڕۆکەی "F-35".
بڕیاریشە ئەڵمانیا ئەم فڕۆکانە لە ئەمریکا بکڕێت، بەم شێوەیە فڕۆکەی "F-35"، دەبێتە جێگرەوەی فڕۆکەی جەنگی تۆڕنادۆ کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە هێزە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا بەکاریدەهێنن و تەنها فڕۆکەیە کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی ئەمریکی هەیە.
ئەڵمانیا پلانی وایە ٣٥ فڕۆکەی جۆری "F-35" لە ئەمریکا بکڕێت، بەڵام ئەگەری هەیە کڕینی ئەم فڕۆکانە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ پڕۆژەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی نەوەی ئایندە (FCAS) کە بڕیارە ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەهاوبەشی ئەنجامی بدەن.
جێی ئاماژەیە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، وڵاتانی ئەورووپای دووچاری شڵەژان کردووتەوە و بووەتە هۆی ئەنجامدانی گۆڕانکاریش لە سیاسەتی بەرگری ئەڵمانیادا.
دوای دەستپێکی جەنگەکەش، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵز، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بوودجەیەکی ١٠٠ ملیار یۆرۆیی بۆ بەهاوچەرخکردنی سوپای ئەڵمانیا و بەهێزکردنی کەرتی سەربازی، تەرخان دەکەن.