مەدرید
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، یاریزانی یانەی سێڤیلیا، ئەلێکس ڤیدالی گواستەوە ریزەکانی خۆی و بە راگەیاندنەکانی ناساند.
ڤیدال لە دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجام درا، بۆندێکی بۆ ماوەی پێنج وەرز لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد. ھاوکات ڤیدال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا خەونێک بوو، گەرامەوە ماڵەکەی خۆم".
ھاوکات ڤیدال راشیگەیاند کە ئەو لە وەرزەکانی ٢٠٠١-٢٠٠٢ لە یانەی لاوانی بارسێلۆنا یاری کردووە و لە دوای ئەمەش وەک یاریزانەکانی دیکە لە زۆربەی یانەکان یاری کردووە، ڤیدال گوتیشی: "گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا زۆر خۆشە، ھەر وەکو خەونێک وایە، لەگەڵ میسی، نەیمار، سوارێز و یاریزانەکانی دیکە یاری دەکەم".
جێگەی باسە ڤیدال بە ھۆی بڕیاری فیفاوە، ناتوانێت هەتا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە ھیچ یارییەکی فەرمی ئەو یانەیە یاری بکات تەنھا بەشداری لە یارییەکانی ئامادەکاری و راھێنان دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جۆزیپ ماریا بارتۆمیۆ بە رادیۆی کاتەلۆنیای راگەیاند کە لویس ئەنریکە دەمێنێتەوە و بەم پێیەش دەنگۆیەکانی لەبارەی جیابوونەوەی ئەم راھێنەرە رەتکردەوە.