Heman Hussein Yaseen
13 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2026
مانگی سووری تورکی لە درێژەی چالاکییەکانییدا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێوڕەسمێکی بەخشینی ھاوکاریی خۆراکی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان لە شاری ھەولێر ئەنجام دا.
ھاوکارییەکە ٧٥ خێزانی گرتووەتەوە کە پێکھاتوون لە خێزانانی بێسەرپەرشت و ھاوکارییەکان بریتیی بوون لە کارتۆنی خۆراکیی کە چەندین ماددەی وەک (ڕۆن، دۆشاوی تەماتە، شەکر و پێداویستییەکانی دیکەی دروستکردنی خورادن)ی تێدابوو کە بەشی مانگێکی ھەر خێزانێک دەکات.
ڕێوڕەسمەکە لە باڵەخانەی مانگی سووری عێراقی لە ھەولێر بەڕێوەچوو، سوودمەندان کارتۆنی خۆراکی و نایلۆنێک لە جلوبەرگ و پۆشاکیان پێشکەشکرا.
بەرپرسی ھۆبەی ئۆپەراسیۆنى مانگی سووری تورکی لە عێڕاق، ئۆغوزھان دەمیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە چالاکییەکە کرد و گوتی: "نزیکەی ١٠ ساڵە ڕێکخراوەکەمان لە عێراق و ناوچەکە خەریکی پێشکەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکانە. بەردەوام دەبین لەم چالاکییانە و لە ڕێگەی ئێوەشەوە سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی تەواوی بەخشەران دەکەین کە پاڵپشتمانن، ھەروەھا چالاکییەکانیشمان بەردەوام دەبێت و درێژەی هەیە".
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی ھەوڵە مرۆییەکانی مانگی سووری تورکی بۆ پشتیوانی لە خێزانە کەمدەرامەت و ھەژارەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، ھاوکات ڕێکخراوەکە بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان و پشتیوانی لەو خێزانانەی پێویستیان بە یارمەتی و پشتگیریی ھەیە.