بەغدا
سێ تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی شاری بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا ھەشت کەس کوژران و ٢٨ی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکی ئەبو بەشیر لە باشووری بەغدا تەقییەوە و لە ئاکامدا چوار کەس کوژران و نۆی دیکەش برینداربوون."
ھەمان سەرچاوە زیاتر روونیکردەوە، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای مەدائین لە رۆژھەڵاتی بەغدا بە کاروانێکی ھێزەکانی سوپا تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا سەربازێک کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوونە.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە ناوچەی مەعامل لە رۆژھەڵاتی بەغدا بە ھەمان شێوە بۆمبێکی چێنراو لە نزیک مزگەوتێکی شیعە مەزھەب تەقییەوە و لە ئاکامدا سێ کەس کوژران و ١١ی دیکە برینداربوون.
وەک لە زانیارییەکانی سەرچاوەکە ھاتووە، زۆربەی قوربانیانی ئەو تەقینەوانە ھاوڵاتی سڤیلن.