Faruk Hanedar
06 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت - AA
بەیروت'ی پایتەختی لوبنان ئەمشەویش بووە ئامانجی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە جیاجیاکانی دەبیسترا.
لە گەڕەکەکانی باشووری بەیروت دەنگی تەقینەوەکان بە هۆی هێرشەکانەوە دەبیسترێت و هاوکاتیش دووکەڵێکی چڕ ناوچەکەی داپۆشیوە.
ئەو شوێنانەی کە دەنگی تەقینەوەکانیان لێ دەبیسترێت پێشتر لە لایەن گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئافیخای ئەدرعی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی X وەک ناوچەکانی جێی مەترسی دەستنیشان کرابوون و داوا کرابوو دانیشووانیان ناوچەکە چۆل بکەن.
دوای هێرشەکان ئەدرعی ڕایگەیاند کە چەند ئامانجێکی حزبوڵڵایان لە بەیروت بۆردومان کردووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە چەند ئامانجێکی دیکەی حزبوڵڵا لە ناوچە جیاوازەکانی بەیروت دەکەنە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵی MTV کە لە لوبنان وەشان دەکات ڕایگەیاندووە کە ستۆدیۆکانی تەلەڤیزیۆنی ئەلمنار سەر بە حزبوڵڵا لە باشووری بەیروت ئاگریان گرتووە.
لە دەستپێکی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل کە لە ١٧ی ئەیلوولەوە بە چڕی دەکرێتە سەر لوبنان، هەزار و ٤١١ کەس کوژراون کە ١٠٤یان منداڵ و ١٩٤ قوربانیش ژنن.