Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری ڕایگەیاند، "جەوھەری گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی کەرتی غەززە لای داگیرکار، بریتی بوو لە کۆچی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بەرەو میسر".
سبەی دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، یەک ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێپەڕ دەبێت و ھاوکات کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری ڕادەگەیەنێت کە هەوڵێکی جددی هەبووە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای غەززە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە پرۆسەی جینۆسایدی دژ بە غەززەی دەستپێکرد و بەھۆیەوە دەیان ھەزار کەسی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن بوونەتە قوربانی، ئەمە وێرای ئەوەی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆر بەژێرخانی کەرتی غەززە کەوتووە، بەتایبەتیش کەرتی تەندروستی.
کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا لە یەکەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی سەر کەرتی غەززە، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "لە یەکەمین ساڵیادی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە بەھۆیەوە زیاتر لە ٤١ ھەزار کەس شەھید بوونە و زیاتر لە ٩٦ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون و غەززەش وێران کراوە، بە ھەموو وڵاتانی جیھان دەڵێین کە بۆ چەندینجار لە بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەتەوە، پێیان دەڵێین بەھۆی ئەو شەڕەی کە خۆی لە تیرۆری ڕێکخراوی ئیسرائیل دژبە گەلی فەڵەستین دەبینێتەوە، ئایا کوشتنی فەڵەستینییەکان بەس نییە؟".
بە گوتەی نەزمی حەزوری لە میانی یەک ساڵدا لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ١٥ ھەزار منداڵ و بە ھەزاران ئافرەت، گەنج و بەساڵاچووان کوژراون، ئەمە وێرای ئەوەی بە ھەزاران فەڵەستینی دیکە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دەستگیرکراون.
ھەروەھا ناوبراو داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی بۆ وەستاندنی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەڵەستین، جێبەجێ بکات و گوتی: "بەداخەوە تا ئێستا، ئەمریکا سێجار، ڤیتۆی بەکارهێناوە دژ بە پڕۆژە بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لەبارەی وەستاندنی شەڕی غەززە پێشکەش کرابوو".
کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر لەبارەی ھاتنی پەنابەرانی فەڵەستینی لە غەززەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، گوتی: "تا ئێستا ھیچ پەنابەرێکی فەڵەستینی لە غەززەوە نەهاتووەتە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەم دواییانە ژمارەیەکی کەم خێرانی فەڵەستینی بۆ بینینی کەسوکاریان (ئەو فەڵەستینیانەی زیاتر لە پەنجا ساڵە لە هەرێم دەژین)، سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە".
ھەروەھا نەزمی حەزوری لەبارەی ئامادەکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیکردنی لە پەنابەرانی فەڵەستینی لە غەززە لە داھاتوودا، گوتی: "بەڕاستی دەڵێم کە گەلی فەڵەستین لە کۆچکردن زۆر ماندووبوون، بۆیە ئێستا فەڵەستینییەکان پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە بەھیچ شێوەیەک لە نیشتمانەکەیان کۆچ نەکەن و بمێننەوە، تەنانەت ئەمەش لەو گوتارەی کە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس بەم دواییانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد ڕەنگی دایەوە کاتێک گوتی ئێمە لە سەر نیشتمانیی خۆمان کۆچ ناکەین، بەڵکو ئەوەی دەبیت لە خاکی ئێمە بڕوات، داگیرکارە".
حەزوری گوتیشی: "لەئێستادا ھیچ بیرۆکەیەک لەچوارچێوەی بەرنامەی سەرکردایەتی فەڵەستین لەبارەی کۆچکردنی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە وەک پەنابەر بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە".
کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری لە بارەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی کەرتی غەززە، گوتی: "پێداگریی ئاوارە فەڵەستینییەکان لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەکانی باکووری غەززە و ھەڵوێستی میسر بۆ ڕێگرییکردن لە جێبەجێکردنی پلانی کۆچی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان لە غەززەوە بەرەو میسر، شکستی بە ھەوڵەکانی داگیرکاریی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی کەرتی غەززە ھێناوە، چونکە جەوھەری گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی کەرتی غەززە لای داگیرکار، بریتی بوو لە کۆچی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بەرەو میسر".
نەزمی حەزوری ئاماژەی بەوەشدا کە درێژایی یەک ساڵ، بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار فەڵەستینی ئاوارەبوون، بەڵام ١٠٠ ھەزار فەڵەستینی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و کارکردن غەززەیان بەجێھێشتووە و چوونەتە دەرەوە.
هەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، حەزوری گوتیشی: "ھەماھەنگییمان لەگەڵ باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان لەبارەی دۆزی فەڵەستن بەردەوامە، داوا دەکەین پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەتیی لەبارەی دامەزارندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودسی ڕۆژھەڵاتە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە بەدی بێت".
کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر لەبارەی ئەو هێرشەی کە هەفتەی ڕابردوو ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامیدا و کاریگەرییەکانی لەسەر گفتوگۆ و ئاگربەستی نێوان هەردوولا، گوتی: "ھێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە، دوو پرسی جیاوازن، چونکە پرسی ئاگربەست لە غەززە، دەبێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئێران وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق و تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە بەیروت، ھێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل".
ھەروەھا لەبارەی دڵخۆشی فەڵەستینییەکان سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، گوتی: "چاوەڕوانی چی لە فەڵەستینییەکان لە غەززە دەکرێت کە بەدەست کوشتن، تیرۆر و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنن، بۆیە بێگومان فەڵەستنییەکان و ھەر کەسێکی دیکە کە پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین دەکات، کاتێک ھێرش دەکرێتە سەر داگیرکار، دڵخۆشی خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن".