Hakan Çopur
28 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2024
واشنتۆن - AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ داواکاری پێشکەش بە دادگای باڵای وڵاتەکە کرد بۆ دواخستنی ئەو وادەیەی دانراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایەی پێشنیاری قەدەغەکردنی تیک تۆک دەکات لە وڵاتەکەدا کە پلاتفۆڕمێکی کۆمەڵایەتیی چینییە.
پارێزەری ترەمپ، جۆن ساویر سەبارەت بە بابەتەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە سەبارەت بەو پرسە داواکاریان پێشکەش بە دادگای باڵا کردووە.
ساویر وەبیریهێنایەوە کە وادەی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایەی داوا دەکات تیک تۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشرێت، ئەگەرنا بەپێجەوانەوە لە ئەمریکا قەدەغە بکرێت، ڕۆژێک پێش دەستبەکاربوونی ترەمپە، لەبەرئەوە داوایان لە دادگا کردووە بۆ درێژکردنەوەی وادەکە.
هەروەها ساویر باسی لەوە کرد کە ترەمپ وەک سەرۆکی نوێ دەبێتە موخاتەبی پرسەکە، لەبەرئەوە لە ڕووی ئەوەی دادگای باڵا بەشێوەیەکی گشتگیرتر کار لەسەر دۆسیەکە بکات بۆ ئەوەی بە ئەنجامێک بگات داوای دواخستنی وادەی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەیان کردووە.
گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ دژی قەدەغە کردنی تیک تۆکە لە ئەمریکا و، دوای دەستبەکاربوونیشی لە دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە ڕێگای سیاسیی".
دادگای باڵای ئەمریکا بڵاویکردبووەوە لە ١٠ی کانوونی دووەمدا گوێ لە بەرگریی زارەکی لایەنەکان دەگرێت لە بارەی ئەو دۆسیە یاساییەی پێشبینی قەدەغەکردنی پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی چینی تیک تۆک دەکات لە ئەمریکا، یاخود فرۆشتنی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی.