Ramal Mahmood
29 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
گرووپێکی جوولەکەی ئەرسەدۆکس بەناوی 'ناتۆڕی کارتا' کە لە سەرتاسەری جیهان دژبە زایۆنیزمن وەک خۆشحاڵی دەربڕین بەپەسەندکردنی پڕۆژە بڕیاری ئیدانەکردنی دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکانی جوولەکە بەشێوەی نایاسایی و راگرتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە.
بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "ئیسرائیل مافی ئەوەی نییە حکومڕانی لە هیچ بەشیکی خاکی پیرۆز بکات"، "جوولەکایەتی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە"، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیان بەرز راگرت.
بەناوی گردبوونەوەکەوە راگەیەنراوێک خوێنرایەوە، کە ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خوێنڕشتن دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی جوولەکەیە، پیرۆزبایی خۆیشیان ئاراستەی ئەو وڵاتانەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە دەنگیان بە پرۆژە بڕیارەکە دا بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خەڵکی فەڵەستین و بەدیهێنانی ئاشتی.
راگەیەنراوەکە بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی دیکە بەرەو ئازادی فەڵەستین" پێناسە کردووە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ و دەوڵەتی ئیسرائیل نوێنەرایەتی جوولەکەکانی جیهان ناکەن، تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون تەنها پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی نییە، هەروەها بەپێی یاسای جوولەکەکانیش تاوانە.