Dildar Baykan Atalay
04 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، ھەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی کرد و رایگەیاند، ناوبراو خۆی و خێزانەکەی تەقاندووەتەوە.
جۆ بایدن لە روونکردنەوەیەکیدا لە کۆشکی سپی، زانیاریی لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ کوشتنی سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی ئەنجامیاندا، بڵاوکردەوە.
بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لەدوای کوشتنی سەرکردەی پێشووی داعش، ئەبو بەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩، قوڕەیشی بووەتە سەرۆکی رێکخراوەکە و راشیگەیاند کە قوڕەیشی لەو کاتەوە فەرمانی ئەنجامدانی چەندین ھێرشی بۆسەر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دەرکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش کەسانی مەدەنیشی کوشتووە و گوتی: "قوڕەیشی لە ھەمان کاتدا بەرپرس بووە لەو ھێرشە ترسناکەی کە لە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا کرایە سەر ئەو گرتووخانەیهی کە ئەندامانی داعشی تێدا دەستگیرکرابوون".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە قوڕەیشی، لە پشت ئەو ھێرش و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژییانەوه بووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە باکووری عێراق کراوەتە سەر ژنانی ئێزدیی و گوتی: "ئەو سەرکردە مەترسیدارەی تیرۆر ئیتر لە جیھاندا نەماوە".
جۆ بایدن داکۆکی لەوە کرد کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکەی بەو شێوەیە داڕشتووە کە کەمترین زیان بە مەدەنییەکان بگەیهنێت و گوتی: "بەھۆی ئەوەی دەمانزانی ئەم تیرۆریستە خۆی بە منداڵ و خێزانەکەی دەورداوە، لە بری ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنی ھێزی تایبەتیمان ئەنجامدا کە زیاتر مەترسی دەخاتە سەر ئەمریکییەکان".
بایدن باسی لەوەش کرد کە قوڕەیشی کاتێک زانیویەتی ھێزەکانی ئەمریکا نزیکبوونەتەوە لە دەستگیرکردنی ئەوە زۆر "ترسنۆکانە" ھەڵسوکەوتی کردووە و گوتی: "ئەو لە بری ئەوەی بێتە بەردەم دادگا بەھۆی ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە، نەک تەنھا ئێلەگە بۆمبڕێژکراوەکەی نەتەقاندەوە بەڵکو تەقاندنەوەی تەواوی ئەو باڵەخانە سێ نھۆمییەی کە تێیدا بوو، ھەڵبژارد".
- بایدن جهختی كردهوه كه بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ یەپەگە/پەکەکە
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی خانەوادەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کرد کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە و دەربارەی یەپەگە/پەکەکە کە ناوی ھەسەدە بەکاردەھێنن گوتی: "جگە لەوە دەمەوێت سوپاسی ھەسەدە بکەم بۆ ھاوبەشیی تەواویان لەگەڵماندا".
جۆ بایدن ئەوەی خستەڕوو کە ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشانەی ئەوەیە کە ھەڕەشەی تیرۆر لە کوێ بێت ئەمریکا بۆ ئەوێ دەچێت و گوتی: "بەناوی وڵاتەکەمانەوە بەردەوام دەبین لە فشار خستنەسەر داعش و کارکردن لەگەڵ ھاوبەشە نزیکەکان و ھاوپەیمانەکانمان؛ کە ھەسەدە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە ھێزی پێشمەرگەی کورد و ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ٨٠ ئەندام لە خۆدەگرێت".
بایدن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ھەموو کات ئامادە و وریا دەبێت و گوتی: "لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی رابردوودا ئەم پەیامە بەھێزەم بە تیرۆریستەکانی ھەموو جیھان دا، کە بەدواتانەوە دەبین و دەتاندۆزینەوە".
- پەیامی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە/پەکەکە
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، لە رێگەی تەلەفۆنەوە روونکردنەوەیەکی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی دژبە داعش له سووریا، بڵاوکردەوە.
بەرپرسێکی باڵا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لەسەر رۆڵی یەپەگە/پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، گوتی: "ھەسەدە زۆر گرنگە. ئەگەر ئەوان نەبن ھیچ شتێکمان پێناکرێت. ئەوەندە ھەستیارە. وردەکاریی نادەم، بەڵام رۆڵێکی ھەستیاریان ھەیە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیەدا".