Hacer Başer
31 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2020
رامه‌ڵڵا - AA
حكوومه‌تی فه‌ڵه‌ستین، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كانی ئۆسلۆی راگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كراون.
حوسه‌ین ئه‌لشێخ، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح و وه‌زیری كاروباری مه‌ده‌نی فه‌ڵه‌ستین، له لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره كه ناوه‌نده‌كه‌ی له قه‌ته‌ره، باسی له پلانی به‌ناو ئاشتی حكوومه‌تی ئه‌مریكا كرد.
شێخ باسی له‌وه كرد كه حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی رێككه‌وتننامه‌كانی ئۆسلۆی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه كه له ساڵی ١٩٩٣دا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كراون و، رایگه‌یاند ''دوای راگه‌یاندنی پلانی به‌ناو ئاشتیی تاك لایه‌نه، به ئیسرائیل راگه‌یاندرا كه حكوومه‌تی فه‌ڵه‌ستین پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانیان نابێت''.
شێخ ئاماژه‌ی به‌وه كرد له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بیدا كه له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی تاقیده‌كرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئومێده‌وارین وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ببنه هێزێك بۆ پشتیوانی له هه‌ڵوێستی فه‌ڵه‌ستین.
حوسه‌ین ئه‌لشێخ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح و رێكخراوی رزگاری فه‌ڵه‌ستین ده‌چنه كه‌رتی غه‌ززه و له‌گه‌ڵ حه‌ماس و بزوتنه‌وه‌كانی جیهادی ئیسلامی‌دا كۆده‌بنه‌وه.
له‌سه‌ر داوای فه‌ڵه‌ستین و به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پلانی به ناو ئاشتی، رۆژی شه‌ممه ١ی شوبات، كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی سازده‌كات.
رێككه‌وتنی ئۆسلۆ، كه له ١٣ی ئه‌یلوولی ١٩٩٣دا له‌نێوان ئیسرائیل و رێكخراوی رزگاری فه‌ڵه‌ستین واژووكرا، پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت و تا به‌دیهێنانی ئاشتی هه‌میشه‌یی، فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له كه‌رتی غه‌ززه و كه‌رتی خۆرئاوا ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دابمه‌زرێنن.