Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2020
یەمەن ـ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی حووسییەكان لە یەمەن، محەمەد عەلی حووسی رایگەیاند كە ئامادەن ئاڵوگۆڕ بەسەرجەم دیلەكان بکەن لەگەڵ حکوومەت.
محەمەد عەلی حووسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی نووسیوویەتی "خۆشحاڵین بە هەڵوێست و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئازادكردنی دیلەكان و دووپاتی دەكەینەوە كە نابێت ئەم دۆسیە مرۆییە، بخرێتە چوارچێوەی ململانێیەكانەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی حووسییەكان لە یەمەن راشیگەیاندووە کە ئامادەن ئاڵوگۆڕ بەسەرجەم دیلەكان بکەن لەگەڵ حكوومەت لەنێویاندا، وەزیری پێشووی بەرگریی، مەحمود سبێحی كە لە ئاداری 2015وە لای حووسییەكان بەندكراوە.
ناوبراو داواشی كردووە كە لیژنەیەكی سەربەخۆ بە ئامانجی لێكۆڵینەوە لە ئەشكەنجەدانی دیلەكان لە گرتووخانەكانی حكوومەتی یەمەن و هاوپەیمانی عەرەبی، پێكبهێندرێت.
لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی هەفتەی رابردوو، حكوومەتی یەمەن و حووسییەكان لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا، هەزار و 61 دیلیان ئازاد كرد.
پرۆسەکە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی سوید كە ماوەی دوو ساڵە واژووكراوە، بەرێوەدەچیت.
لە میانی دانوستانەكانی ئاشتیی نێوان حكوومەتی یەمەن و حووسییەكان كە لە كانوونی یەكەمی 2018 لە سوید ئەنجامی درابوو، هەردوولا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان رێككەوتن كە ژمارەیان زیاتر لە 15 هەزار كەسە.
لە ساڵی 2014وە تا ئێستا حووسییەكانی یەمەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن دەستیان بەسەر شاری سەنعا و ژمارەیەك شار و ناوچەی دیکەی یەمەن-دا گرتووە.
لە ئاداری 2015وە هێزەكانی هاوپەیمانان بەڕابەرایەتی سعوودیە بۆ پشتیوانیكردنی حكوومەتی یەمەن و بەرەنگاربوونەوەی حووسییەكان، ئۆپەراسیۆن لە یەمەن ئەنجام دەدەن.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاكامی ئەو شەڕ و پێكدادانانەی كە ماوەی شەش ساڵە لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی یەمەن و حووسییەكان بەردەوامە، 112 هەزار كەس كوژراون كە 12 هەزاریان مەدەنیین، جگە لەوەیش 80 لەسەدای دانیشتوانی یەمەن كە ژمارەیان 30 میلۆن كەسە بەرەوڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهانی بوونەتەوە لەسەدەی بیست و یەکدا.