Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
ههولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا وەڵامی بەرپرسێکی ئیسرائیلی داوەتەوە و قسەکانی بە ناڕاست وەسفکردووە.
لە راگەیاندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دا ھاتووە: ''لەم رۆژانەدا گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کاروباری میدیای عەرەبی، ئۆفیر گێنلدمان، لە تویتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئەگەری ئەوە ھەیە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرش بکاتە سەر ھاووڵاتیيانی ئیسرائیلی لە چەند وڵاتێکی وەک ( جۆرجیا ، ئازەربایجان ، تورکیا ، ئیمارات ، بەحرەین و ھەرێمی کوردستان)''.
لە بەشێکی راگەیاندراوەکەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە کە ھیچ ھاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان دا ھەبێت و تیاییدا ھاتووە: ''بۆ ئاگاداری ھەموو لایەک و وەک چەندین جاری دیکەیش رامانگەیاندووە کە، ئیسرائیل ھیچ بەرژەوەندیەکی لە ھەرێمی کوردستان نییە و ھیچ ھاووڵاتییەکی ئیسرائیلیش لە ھەرێمی کوردستان نین. بۆیە ئەم لێدوانە بە ھەر مەرامێک درا بێت، رەتیدەکەینەوە و لە راستییەوە دوورە''.