Hanife Sevinç
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بارەی رۆژەڤە هەنوکەییەکانەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا.
لە بارەی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی پێکوتی دژ بە کۆرۆنا پرسیاری ئەوە ئاڕاستەی ئەردۆغان کرا کە ئایا ئامادەیە خۆی بکوتێت یان نا؟
لە وەڵامدا سەرکۆماری تورکیا، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ پزیشکی دەرمانسازی تورک، ئوغور شاهین پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە کە لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرقاڵی پەرەپێدانی پێکوتی دژە کۆرۆنایە و رایگەیاند "لە بارەی دابینکردنی پێکوتەوە جگه له چین گفتوگۆ لهگهڵ رووسیاش ههیه. من خۆم هیچ کێشەیەکم لەگەڵ بەکارهێنانی پێکوت نییە. چونکە لێرەدا تەندروستی پرسی سەرەکییە. کاتێکیش قسە بێتە سەر تەندروستی بەدڵنیاییەوە ئێمەش هەموو کارێک بۆ پاراستنی تەندروستی خۆمان دەکەین. بەتایبەت بۆ ئەوەی لە پرسی کۆرۆنادا ببینە نموونەیەک بۆ هاووڵاتییانمان پێویستە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بگرینەبەر. هیوادارین بەزووترین کات لەڕێی بەکارهێنانی ئەم چارەسەرەوە هاووڵاتییانمان لەم بەڵایە رزگارییان ببێت".
ئەردۆغان کاردانەوەی توندیشی بەرامبەر پەسەند کردنی بڕیاری داننان بە "کۆماری قەراباغ"ی لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی فەڕەنسا نیشاندا و گوتی: "جێگەی پرسیارە، گروپی مینسک کە گروپێکی تایبەت بە نێوەندگیری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا-یە، هەستێت بە گرتنەبەری رێگایەکی لەم شێوەیە. واتە فەڕەنسا لەم ساتەوە ناسنامەی نێوەندگیری لەدەستداوە. بۆچی؟ چونکە تۆ لە کاتێکدا نێوەندگیری دەچیت لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا بڕیارێک بۆ یەکێک لە لایەنەکان دەردەکەیت، ئەم بڕیارەش دەکەیتە پێشنیازێک بۆ حکوومەت. بەڵام بەدڵنیاییەوە ماکرۆن بووەتە بەڵا بۆ فەڕەنسا. ئەو وڵاتە لەگەڵ ماکرۆن بە قۆناغێکی زۆر زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هیوادارم بەزووترین کات فەڕەنسا لە بەڵای ماکرۆن رزگاری ببێت".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا پێشنیازەکەی سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ-ی وەبیرهێنایەوە کە گوتبووی "ئەگەڕ فەڕەنسا زۆر ئەرمینیا-ی خۆشدەوێت با مارسیلیا بدات بە ئەرمینیا".