Sarp Özer
10 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و سووریا رایگەیاند: ''لە داوی ١١ ساڵ، شتێکی لەو شێوەیە رووی دا ئەویش تەواو بە نیەت باشی و لە پێناو پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و ئاشتیی ناوچەکە. هیوادارین گفتوگۆ هاوبەشەکان بە رێگەی خۆیدا بڕوات و دۆخێک بێنێتە ئاراوە کە هاوکاربێت لە هێنانەدی ئاشتیی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە''.
خولوسی ئاکار لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت کە بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە بانگەوازەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر بانگەوازەکە، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا بەچڕی هەوڵدەدات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە.
ئاکار باسی لەوە کرد کە لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەدا، تورکیا بە رابەرایەتی سەرکۆمار ئەردۆغان دەستی بە چالاکییەکانی هاوکاری مرۆیی و بانگەواز کرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی، دەستەبەرکردنی ئاگربەست و گفتوگۆکانی ئاشتیی و گوتی: ''بۆ ئەمەیش دیالۆگی لایەنەکان و کۆبوونەوەیان زۆر گرنگە. ئەو مەرجانەی لایەنەکان دەیخەنەڕوو بابەتێکن خۆیان دەیزانن، چونکە دەوڵەتانی خاوەن سەروەر و سەربەخۆن. لێرەدا سەرکۆمارمان گوتی کە خوازیارین هەرچی زووە ئاگربەست لەنێوان هەردوو وڵاتەکە کە دروسێمانن رابگەیەندرێت، رێگای سەقامگیری و ئاشتیی بکرێتەوە، بەدڵنیایییەوە پرۆسەکە ئەمەیە. هەوڵەکانی بەڕێز سەرکۆمارمان لە یەکەم رۆژەوە بەردەوامە، پێویستە هەموو جیهان لەوە تێبگات کە ئەمە هاوکارێکی گرنگ و بەهادارە بۆ ئاشتیی جیهان''.
وەزیری بەرگریی تورکیا رەخنەی لەوە گرت کە هەندێک هەوڵ و تەقەلاکانی تورکیا نابینن و گوتی: ''هەوڵەکانی سەرکۆمارمان و تورکیا لەبارەی کردنەوەی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە، دیل گۆڕینەوە و بابەتەکانی دیکە زۆر بەهادارن. ئەمانە کۆمەڵە کارێکی گرنگن بۆ ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا و ئەورووپا. پێویستە هەرچی زووە ئەو ئاگرە بکوژێنرێتەوە. هەندێ جار ئەم جۆرە رەوشانە لە کۆنترۆڵ دەردەچن و ئاراستەی نەخوازراو وەردەگرن بۆ بەرگرتن لەمانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئاشتیی ناوچەکە لە رووی پەیوەندی مرۆیی و سیاسیی و نێودەوڵەتیی، سەرکۆمارمان بە نیازێکی باشەوە درێژە بە بانگەوازەکانی دەدات''.
- ئەمە پرۆسەیەکە
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دووبارەبوونەوە یان نەبوونەوەی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی نێوان تورکیا-رووسیا-سووریا، رایگەیاند: ''ئەمە پرۆسەیەکە لە دوای ١١ ساڵ، شتێکی لەو شێوەیە رووی دا ئەویش تەواو بە نیەت باشی و لە پێناو پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و ئاشتیی ناوچەکە. هیوادارین گفتوگۆ هاوبەشەکان بە رێگەی خۆیدا بڕوات و دۆخێک بێنێتە ئاراوە کە هاوکاربێت لە هێنانەدی ئاشتیی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە''.
خولوسی ئاکار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دۆزینەوە چارەسەر بۆ کێشەی کۆچ، راشیگەیاند: ''ئێمە ئاواتەخوازین لە ئەنجامی ئەمانەدا ئاشتیی و ئارامیی و سەقامگیریی فەراهەم بێت و ئەو خوشک و برا سووریانەی لە وڵاتەکەماندا میوانداریان دەکەین، وەک ئەوەی لە دەقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە بە خواستی خۆیان و بە ئارامی و رێزەوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان''.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە رەنگدانەوەی ئەو گفتوگۆیانە لە سوپای نیشتمانیی سووریادا گوتی: ''ئێمە هەڵوێستێکمان نەنواندووە و ناینوێنین دژی ئەو خوشک و برایانەمان بێت کە لە تورکیا و سووریادا بەیەکەوەین. لەبەرئەوە پێویستە ئەوانیش هۆشیارانە مامەڵە بکەن و تێنەکەون''.