Sarp Özer
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2023
قایسەری – AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند کە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی دوای پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا لە چالاکی خراون گەیشتووەتە ١٢ تیرۆریست.
خولوسی ئاکار لە میانی ئامادەکردنی خوانی بەربانگ لەلایەن گەورەشارەوانی و پارێزگای قایسەری لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان، برینداران و زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان، کۆبووەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات، هەموو دامودەزگاکانی تورکیا هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ بەهاناوەچوونی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی بوومەلەرزەکان.
خولوسی ئاکار سەرنجی خستە سەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر تیرۆریستان و بە ئاماژەدان بەوەی ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی دوای پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا لە چالاکی خراون گەیشتووەتە ١٢ تیرۆریست، گوتی: "تاکە رێگایەک لە بەردەم تیرۆریستاندا ماوەتەوە ئەوەیە خۆیان رادەست بکەنەوە. ناهێڵین و نەمانهێشتووە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ بچێت".