Hamdi Yıldız
11 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
تەل ئەبیب - AA
لە شارەکانی تەل ئەبیب و حەیفا سەدان هاووڵاتی ئیسرائیلی دژبە لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کە "ئۆپۆزسیۆنی بە بەرپرسیار لە دوایین کردە تیرۆریستییەکانی وڵاتەکەی وەسف کردبوو" گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی تەل ئەبیب-یان بەڕووی هاتوچۆدا داخست و لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسدا پێکداهەڵپژان روویدا.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە ئەوە بەدەردەکەوێت کە بەشێک لە خۆپیشاندەران دروشمی "لە مزگەوتی ئەقسا چیتان کرد" دەڵێنەوە.
رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە هەشت لە خۆپیشاندەران دەستبەسەر کراون، بەڵام پۆلیسی ئیسرائیلی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە خۆپیشاندانەکاندا، دوو کەس دەستبەسەرکراون.

لە کاتێکیشدا هێزەکانی پۆلیس بە پاساوی ئەوەی کە خۆپیشاندانەکە نایاساییە هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن، خۆپیشاندەران بە دروشمی "شتێک نییە بە ناوی خۆپیشاندانی نایاسایی" بەردەوامییان بە خۆپیشاندانەکەیان دا.

دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لە ناوەندی سوپای ئیسرائیل لە شاری تەل ئەبیب دەربارەی رەوشی ئەمنی ئیسرائیل و مشتومڕەکانی تایبەت بە بواری دادوەریی، ئەوەی خستەڕوو کە وەزیری پێشووی بەرگریی، یۆواڤ گالانت کە لە رابردوودا لە ئەرکەکەی دوورخرابووەوە، دووبارە بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکەی.
ناتانیاهو باسی لەوەش کرد کە ئیسرائیل رووبەڕووی شەپۆلێک پەلاماری تیرۆریستی بووەتەوە و لە قۆناغی حکوومەتی پێشووشدا زۆر رووداو روویانداوە.
