Eşref Musa,Ömer Koparan,Beraa Göktürk
10 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2024
ئەلباب ــ AA
دروستکەری ئامێری عوود لە شاری ئەلباب سەربە پارێزگای حەلەب باکووری سووریا، حەسان حەمزە تەمەن ٦٨ ساڵ، پێداگیرانە بەردەوامە لەسەر پیشە و ژەنینی ئامێرەکە.
حەسان حەمزە تاکە دروستکەری ئامێری عوودە لە شاری ئەلباب، ئەو شارەی کە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتەوە کە لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ لە باکووری سووریا لە لایەن سوپای تورکیاوە ئەنجامدرا، لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پاککرایەوە.
حەسان حەمزە لە ژوورێکی ماڵەکەی خۆیدا درێژە بە پیشەکەی دەدات کە دوای وەرگرتنی چارەسەر و گەڕانەوەی لە تورکیا، کردوویەتی بە شوێنی دروستکردنی ئامێری عوود.

حەسان حەمزە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنی گەنجیدا لە زانکۆ ئەدەبیاتی فەڕەنسی دەخوێند، بەڵام بەھۆی بارودۆخی خراپی داراییەوە، ناچار بوو لە سێیەم ساڵدا خوێندن بەجێ بھێڵێت و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی دەستی بە کارکردن کردووە.
ڕاشیگەیاند کە لە تەمەنێکی کەمدا، فێری ژەنینی ئامێری عوود بووە و لە ساڵی ٢٠٠٠دا سەرکەوتووانە ئامێرێکی عوودی تایبەت بە خۆی دروست کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ ڕاھێنانێکی لەو بوارەدا ئەنجام دابێت کە دواتر خۆی تەرخانکردووە بۆ دروستکردن و فرۆشتنی ئامێری عوود.
حەسان حەمزە لە ساڵی ٢٠١٣دا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووەتە تورکیا و لەوێ لە ساڵی ٢٠١٥ بەتەواوی چاکبووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ شاری ئەلباب کە لەو ساڵەدا، شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرابوو.

گوتیشی: "ئەو کاتەی شاری ئەلباب لەلایەن داعشەوە، داگیرکرابوو، تەنھا ترس و تاریکی لە شارەکەدا، ھەبوو".
باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، بڕیاریدا لە تورکیاوە بگەڕێتەوە بۆ شاری ئەلباب و گوتی: "ئەوەی ھانی دام بگەڕێمەوە بۆ شاری ئەلباب، خۆشەویستی ئامێری عوود بوو".
حەسان حەمزە ڕاشیگەیاند کە کەرەستەی بۆ دروستکردنی ئامێری عوود، وەک پێویست لەبەردەستدا نییە، بەڵام ھاوڕێکانی لە تورکیاوە پێداویستییەکانی وەک دار، بۆیاخ و تاری بۆ دەنێرن.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەرلە ھەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا، ئامێری عوودی بە کڕیارەکانی لە کوێت، سعوودیە، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیسپانیا و مەغریب فرۆشتووە.

ڕوونیشی کردەوە کە دروستکردنی ئامێرێکی عوود یەک مانگ دەخایەنێت و نرخەکەشی بەپێی ئەو کەرەستەی بەکارھاتووە دەگۆڕێت، نرخەکانی لە ٢٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە ھەزار دۆلار.
حەسان حەمزە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئامێرە عوودانەی کە لە شوێنکارەکەیدا، دروستیان دەکات لە بازاڕی ناوخۆ دەیانفرۆشێت، چونکە بەھۆی شەڕەوە ناتوانێت ھەناردەیان بکات.
ئاماژەی بە کەمبوونەوەی بایەخدان بە دروستکردنی ئامێری عوود کرد لە جیھانی عەرەبیدا، داوای لە پیشەگەران کرد کە گرنگی زیاتر بە دروستکردنی ئامێری عوود بدەن و بیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو.

باسی لەوەش کرد کە بە تەنھا کارەکانی خۆی دەکات و گوتی: "ئەم ئامێرە دەبێت بە دەستی یەک کەس و بە دڵەوە دروست بکرێت".
گوتیشی: "ئامێری عوود پێویستی بە ھونەرمەندی ھەیە، ئەگەرنا ئەوەی لە عوود بەرھەمی دەھێنیت، دەبێتە دارێکی دارتاش بێ ڕووح".