Hakan Çopur
04 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن – AA
دەنگۆی ئەوە ھەیە کە گوایا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا، براد رافێنسپەرگەر کردبێت بۆ ئەوەی ھەنگاو بنێت تاوەکو "ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئەودا بگۆڕێت".
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست تۆماری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و رافێنسپەرگەر بڵاو کردووەتەوە.
لە تۆمارەکەدا کە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاندووە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ھەڵبژاردنەکەدا فڕوفێڵ کراوە و ئەو لە ھەڵبژاردن لە ویلایەتە گرنگ و ھەستیارەکان براوە بووە و گوتوویەتی: "تاکە داواکارییەکم ئەوەیە کە، دەمەوێت دەنگەکانمان یەک دانە زیاد بکات و بگاتە ١١ ھەزار و ٧٨٠، چونکە من ویلایەتەکەم بردووەتەوە".
بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان رکابەرەکەی ترەمپ لە پارتی دیموکرات، جۆ بایدن بە جیاوازی ١١ ھەزار و ٧٧٩ دەنگ ویلایەتەکەی بردووەتەوە و ترەمپیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە فڕوفێڵ لە ھەڵبژاردنەکەی جۆرجیادا کراوە، گوایا لە چەند ناوچەیەک لە کاتی ھەژمارکردنی دەنگەکان بە ئامێر بە شێوەیەکی نایاسایی دەنگەکانی ئەو ھەڵگیراون و بە پێویستی دەزانێت ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی ئەودا تۆمار بکرێت.