Zana Natık Kerem
05 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2017
بەغدا ــ AA
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە كە ژمارەیەك لە میدیا و كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆنی بڵاویان كردبوویەوە كە گوایە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رەتكردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە ئەوەی بەم دواییانە هەندێك لە میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویان كردبووە كە گوایە باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، دۆگلاس سیلیمان سەرۆكوەزیرانی حەیدەر عەبادی ئاگادار كردووەتەوە كە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت پێشوازی لێ بكات، هەواڵی بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە "لە ماوەكانی رابردوودا دۆگلاس سیلیمان و حەیدەر عەبادی كۆبوونەتەوە و بەدووقۆڵی ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی عێراقییان تاوتوێ كردووە كە لە مووسڵ بەدەستیان هێناوە".
بەپێی بەیاننامەكە لە كۆبوونەوەکەدا، دۆگلاس سیلیمان بەردەوامی پێشكەشكردنی پشتیوانی ئەمریكای بۆ عێراق لە شەڕی دژبە داعش بۆ حەیدەر عەبادی دووپات كردووەتەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردبوویەوە كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا دواتننامەیەكی ئاراستەی سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی كردووە بۆ ئەوەی سەردانی ئەمریكا ئەمریكا بكات.
پێشتریش كەناڵی ئاسمانی عەرەبییە لەسەر ماڵپەڕەكەی بڵاوی كردبووە كە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دۆگلاس سیلیمان بەسەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی راگەیاندووە كە گوایە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت پێشوازی لێ بكات نایەوێت بۆ پیرۆزباییكردن چاوی پێ بكەوێت.