Zana Natık Kerem
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە حەوشەی بەیعەت (گۆڕەپانی کڵێسا) لە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق دیداری لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتەکانی شارەکە ئەنجامدا.
پاپا فرەنسیس دوای گەیشتنی بۆ حەوشەی بەیعەت بە سروود و رێورەسمی ئایینی مەسیحی پێشوازی لێکرا و دواتر دیداری لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتەکانی شاری مووسڵ ئەنجامدا.
لە میانی دیدارەکەدا، چەندین گوتار خوێندرانەوە کە سەرجەمیان جەختیان لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتەکان دەکرد.
دواتر پاپا فرەنسیس گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە کۆچکردنی مەسیحییەکان لە مووسڵ و ناوچەکە، کارەساتێکی گەورەیە و گوتی: "ناسنامەی راستەقینەی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان، پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە".
پاپا فرەنسیس ئاماژەی بەوەیشدا کە نابێت ھیچ کەسێک بەناوی خوا کەسی دیکە بکوژێت و گوتی: "دەنگی ئێمە بەرزترە لەو دەنگانەی کە بۆ کوشتنی مرۆڤایەتی بەرزدەبنەوە".
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی باسی لەوەشکرد، باوەڕیان وایە کە برایەتی زۆر لە دەنگی کوشتنی مرۆڤ و توندوتیژی بەھێزترە و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە ھێشتا ئومێدی گەیشتن بە ئاشتەوایی لەئارادایە و گوتی:
"پاڵپشتی دەکەین لە بانگەوازەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکانی مووسڵ بۆ زێدی خۆیان".
پاپا فرەنسیس لە کۆتایی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد ھێشتا دیمەنی توندوتیژی بە سیمای لانکەی شارستانییەت لە مووسڵ ماوە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە ھەنگاوەکانیان بۆ پتەوترکرنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گوتی:
" ئەمڕۆ نوێژ لە پێناو قوربانییانی جەنگ و توندوتیژی لە شاری مووسڵ، عێراق و ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدەین".
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتە و ئایینەکان لە ھەولێرەوە، گەیشتە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق.