Muhammet Tarhan
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن، سەبارەت بە کۆبوونەوەی هاوسەرۆکەکانی گرووپی مینسک-ی رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباغ رایگەیاند ''ئەگەر تەنیا بانگەواز بۆ ئاگربەست بکرێت، ئەوا جگە لە دووبارەکردنەوەی ئەوانەی لە ٣٠ ساڵی رابردوودا کراون هیچی دیکە نابێت. هەرچۆنێک بێت ئەگەر پلانێکی وردی لەخۆنەگرتبێت بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئەوا شکست دەهێنێت''.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرە ئینگلیزی کە ناوەندەکەی لە قەتەرە، کاڵن وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی تورکیا چارەسەرێکی دیپلۆماسی ناوێت بۆ ئەو قەیرانە؟ کاڵن ئاماژەی بەوە کرد کە پشتیوانیان لە چارەسەری دیپلۆماسیی کردووە و گرووپی مینسک ''خاوەنی رێنمایی دیاریکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدانەکانی ئێستا'' و بە تایبەتیش بانگەوازیان کردووە بەشێوەیەکی کرداری وادەی داواکاریەکی نوێ دابنرێت بۆ کارکردن ''بەئاڕاستەی دۆزینەوەی رێگایەک بۆ کۆتاییهێنان داگیرکاریی خاکی ئازەربایجان لە لایەن ئەرمینیاوە''.
کاڵن باسی لەوە کرد کە لە راستیدا گرووپی مینسک کاری زۆر کەمی کردووە بۆ کاتاییهێنان بەو کێشەیەی قەوقاز، ئەو شتەشی ئازەربایجان داوای دەکات دۆزینەوەی نەخشە رێگایەکی نوێیە و، گوتی: ''بەڵێ بۆ ئاگر بەست، بەڵام دەبێت ئاگربەستەکە جێگیر بێت و تاکە شتێکیش کە ئەوە جێگیربکات بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری خاکی ئازەربایجان دەبێت لە لایەن ئەرمینیاوە''.
ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە پێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان قەرەباغ خاکی ئازەربایجانە و، گوتی: ''بەڵێ بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، بەڵام پێویستە ئەوە لەگەڵ وادە و نەخشەرێگایەک بێت کە کۆتایی بە داگیرکاری قەرەباغ دەهێنێت لەلایەن ئەرمینیاوە''.