Zuhal Demirci
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
لەندەن – AA
راگەیەندرا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن دەست لە سەرکردایەتیکردنی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار دەکێشێتەوە و تاکوو پاییز کە هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکی پارتەکە ئەنجام دەدرێت بەردەوام دەبێت لە مانەوەی وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بۆریس جۆنسۆن ئەمڕۆ دەست لە سەرکردایەتی پارتەکەی دەکێشێتەوە.
بەمەیش لەنێو پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداردا کە جۆنسۆن سەرکردایەتی دەکات کێبڕکێ لەسەر پۆستی نوێی سەرکرایەتیکردنی پارتەکە دروست دەبێت و لە تشرینی یەکەمدا سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵدەبژێردرێت.
گوتەبێژێک لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیایش رایگەیاندووە کە جۆنسۆن ئەمڕۆ لێدوان دەدات.
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ جۆنسۆن بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت.
- وەزیرەکان بەدوای یەکدا دەستلەکار دەکێشنەوە
وەزیری تەندروستی، ساجید جاوید و وەزیری دارایی، ریشی سوناک لە پێنجی تەمووز بە دوای یەکدا دەستیان لەکار کێشایەوە.
بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی هەردوو وەزیرەکە دوای ئەوە دەرچوو کە جۆنسۆن رایگەیاند "ئێجگار پەشیمانە"" لەوەی وێڕای ئەوەی ئاگاداری ئەو تۆمەتانە بووە کە ئاراستەی پەرلەمانتاری پارتەکەی و بەڕێوەبەری گرووپی پارتەکەی، کریس پیچنەر لەبارەی ئەنجامدانی دەستدرێژی، بەڵام ئەم پۆستانەی بە ناوبراو داوە.
نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا پێشتر رایگەیاندبوو کە جۆنسۆن ئاگاداری ئەو تۆمەتانە نییە کە لەبارەی دەستدرێژیکردنەوە ئاراستەی پینچەر دەکرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت لە کاتێکدا جۆنسۆن لە ٢٠١٩ وەزیری دەرەوە بووە زانیاری پێ دراوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پینچەر کراون.