Nuran Erkul Kaya
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە کاتێکدا گۆڕانی ئاووهەوا بەهۆی دەردانی گازە گەرمی پارێزەکان بەردەوامە، بەهۆی فشاری گەرمییەوە لە داهاتوودا مەترسی لەسەر حاجییانی ماڵی خودا دروست دەکات، پێویستە وڵاتان دەردانی گازە ژەهراوییەکان کەمبکەنەوە.
سەنتەری توێژینەوە ئیسلامییەکان لە زانکۆ نیشتمانیی ئیندۆنێزیا (PPI UNAS) لە راپۆرتێکدا کە بەناونیشانی "کاریگەری سیاسەتەکانی ئاووهەوا لەسەر حەجکردن" ئامادەی کردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی، لەناوبردنی دارستانەکان و چەندین هۆکاری دیکە کە لە مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی ١،٢ پلە.
سیاسەتەکانی ئێستای ئاووهەوا گوزارشت لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان تا کۆتایی سەدە بگاتە ٢،٧ پلە. لەم ئاستەی گەرمبوونی جیهاندا، زیادبوونی فشاری گەرما لە هاویندا رەنگە بگاتە ئاستێکی مەترسیدار کە مەترسی لەسەر تەندروستی حاجییانی ماڵی خودا دروست بکات.
ئەمریکا، چین، رووسیا، بەڕازیل و یەکێتیی ئەورووپا کە تا ئێستا زۆرترین بەرپرسیارێتیی گۆڕانی ئاووهەوایان لەسەرە، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی دەردانی گازی ژەهراوی پێویستییان بە بەهێزکردنی سیاسەتەکانی ئاووهەوا هەیە بۆ ئەوەی بەخێرایی رێژەی دەردانی گازی ژەهراوییان کەم بکەنەوە.
تا ئەو کاتەی ئەو وڵاتانە بەخێرایی رێوشوێن نەگیرێتەبەر، ناتوانرێت رێگری لە گەرمبوونی جیهان بکرێت کە مەترسی لەسەر عاجییانی ماڵی خوداش دروست دەکات.
زۆرێک لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمانان، لەوانە سعوودیە، ئیمارات، ئێران، تورکیا، بەنگلادیش، میسر و ئیندۆنێزیا، پێویستە بە بەهێزکردنی پلانەکانیان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان، بەشداری بکەن لە پێشگرتن لە گۆڕانی کەشوهەوا.
- بانگەوازی دەسەڵاتداران دەکرێت بۆ "گرتنەبەری رێوشوێن"
لە لایەکی دیکەوە هەریەک لە وڵاتانی دوورگەکانی ماڵدیڤ و مەغریب، بەگوێرەی رێککەوتنی پاریس وەک ئەو وڵاتە ئیسلامییانە دەردەکەون کە ئامانجیان سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهانە.
بەڕێوەبەری کۆڕبەندی ئاکاریی ژینگەیی زانکۆی ئوسکودار، پ. د. ئیبراهیم ئۆزدەمیر لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ راپۆرتەکە رایگەیاند:
"بەرپرسیارێتییەکی ئاکارییە رەچاوی تەندروستی ئەو کەسانە بکرێت کە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرکی حەج سەردانی ماڵی خودا دەکەن. وەک ئەندامێکی ئەو تیمەی کە جاڕنامەی جیهانی ئیسلامی بۆ گۆڕانی ئاووهەوایان ئامادەکردووە، جەختمان لەوە کردەوە مرۆڤ هۆکارێکە بۆ گۆڕانی ئاووهەوا، جگە لەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەبێت چاکە بڵاو بکەینەوە و جەختمان لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی ئاکاریی ئێمەیە کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ رێگریکردن لە خراپە. بۆیە سەرکردە موسڵمانەکان، بازرگانان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بەرپرسیارن لە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی مۆدێلی گەشەپێدانی بەردەوام و پشت بەستن بە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی ئاکارییە بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو و ئەو سروشتەی کە خوای گەورە دروستی کردووە. بەبۆنەی وەرزی حەجەوە جارێکی دیکە ئەم بەرپرسیارێتییە وەبیردەهێنینەوە و بانگەوازی دەسەڵاتداران دەکەین بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست".