Sarmand Hameed
25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2020
هەولێر - AA
دوای ٨٦ ساڵ لە داخرانی دەروازەکانی مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف بەڕووی نوێژخوێناندا، جارێکی دیکە دەروازەکانی مزگەوتەکە کرانەوە و هەزاران نوێژخوێن بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی روویان لە مزگەوتەکە کرد.
دوای ئەوەی رۆژی ١٠ی تەمووز، ئەنجوومەنی شورای دادوەریی تورکیا بڕیارەکەی ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٣٤ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوکاتی هەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بە گۆڕینی مزگەوتی ئایاسۆفیا بۆ مۆزەخانە، بەشی شێوەزاری سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەردەوام رووماڵی هەواڵەکانی پەیوەست بەم چالاکییەی کرد و لە زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستانیش هەواڵەکانی پەیوەندار بەم پرسەیان لە ئاژانسی ئانادۆڵو وەردەگرت.
ئەمڕۆ، ٢٤ی تەمووز کە یەکەم نوێژی هەینی لە دوای ٨٦ ساڵ لە مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف بە ئامادەبوونی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدرا، لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکە بەڕووی نوێژخوێناندا، ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێوەی راستەوخۆ و بە هەواڵ و فۆتۆ و ڤیدیۆی رووماڵی بەرنامەکەی کرد و بەشێکی زۆری میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەیان گواستەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکە، تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەی راستەوخۆ لە رێگەی ئاژانسی ئانادۆڵووەو رێوڕسمەکەی گواستەوە، هاوکات لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کوردستان 24 فۆتۆ و ڤیدیۆی نوێژخوێنان و چالاکییەکانی کردنەوەی مزگەوتەکەی لە رێگەی پەیجەکانی کەناڵەکەیان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە و دەیان هەزار کەس بینەری گواستنەوەی چالاکییەکە و فۆتۆ و ڤیدیۆکان بوون.
هاوکات کەناڵی ئاسمانی پەیام و سپێدە بە هەمان شێوە بە بایەخەوە چالاکییەکانی کردنەوەی دەرگای مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریفیان رووماڵ کرد و لە هەژمارەکانی کەناڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بایەخی تەواویان دا بەم چالاکییە.
هەروەها ئاژانسی میدیا تورکمانیش بەشێوەی راستەوخۆ رووماڵی چالاکییەکەیان کرد و لە رێگەی ماڵپەڕەکەیانەوە بە بایەخەوە هەواڵ و فۆتۆکانی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکەیان گواستەوە.
هەریەک لە تۆڕی میدیای ئێستا و راچەڵەکین نیوز بەهەمان شێوەی میدیاکانی دیکە چالاکییەکانی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکە بەڕووی نوێژخوێنان و وتاری هەینیان بە شێوەی راستەوخۆ گواستەوە.
ئەمە جگە لەوەی چەندین ماڵپەڕ و پەیج و ئەکاونت هەمان چالاکییان گواستەوە.
بەشێوەیەکی گشتی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی میدیاکانەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵویان وەک سەرچاوە بەکاردەهێنا، بینەری چالاکییەکانی کردنەوەی دەرگای مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف بوون بەڕووی نوێژخوێناندا.