Derya Gülnaz Özcan
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئەسینا – AA
چۆنێتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوا شای یۆنان، کۆنستانتینۆسی دووەم کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە.
میدیاکانی یۆنان بڵاویان کردووە کە خانەوادەی شای پێشوو داوا دەکەن رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بە شێوەیەک بەڕێوە بچێت کە گونجاو بێت لەگەڵ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "سەرۆکی کۆچکردووی دەوڵەت".
بەڵام ئەوانەی لە دژی ئەم داواکارییە دەوەستنەوە ئاماژە بەوە دەدەن، کۆنستانتینۆسی دووەم لە گشتپرسییەکانی ١٩٧٣ و ١٩٧٤ نازناوی "پاشا"ی پێ دراوە و بەهۆی ئەوەی پاشا مافی هاووڵاتیبوونی لە یۆنان لەدەست داوە، داوا دەکەن هیچ جۆرە رێوڕەسمێک بۆ بە خاکسپاردنی بەڕێوە نەچێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی یۆنان، كیریاكۆس میتسۆتاكیس بڕیار بدرێت لە بارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کۆنستانتینۆسی دووەم.
- پەیامی هاوخەمی كیریاكۆس میتسۆتاكیس
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، كیریاكۆس میتسۆتاكیس لە پەیامێکی هاوخەمیدا پرسە و سەرەخۆی خۆی ئاراستەی کەسوکاری کۆنستانتینۆسی دووەم کردووە و نووسیوویەتی: "بە کۆچی دوایی (شای یۆنان، کۆنستانتینۆسی دووەم) دوا وشە دەنووسرێت لەسەر لاپەڕەی گشتپرسی ١٩٧٤ کە بەتەواوی دادەخرێت. مێژوو، ژیانی گشتی کۆنستانتینۆسی دووەم بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و توند هەڵدەسەنگێنێت".
راگەیاندنەکانی یۆنان، باس لەوە دەکەن کە کۆنستانتینۆس، خواستی وا بووە لە کۆشکی هاوینەی تاتۆیی، بنێژرێت کە ماوەیەک موڵکی خێزانی پاشایەتی بووە و چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانی پاشایەتیشی تیادا نێژراوە.
- کۆنستانتینۆسی دووەم، کۆتا شای یۆنان
کۆنستانتینۆسی دووەم لە حوزەیرانی ١٩٤٠دا لە شاری ئەسینا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٦٤ەوە تا ١٩٧٣ کە سیستمی پاشایەتی بە گشتپرسی لە یۆنان، کۆتایی پێ هات نازناوی "شای یۆنان"ی هەڵگرتووە.
شای پێشووی یۆنان دوای شکستهێنانی جوڵانەوەکەی دژبە رژێمی دیکتاتۆریی ئەنجوومەنی سەربازیی یۆنان لە کانوونی یەکەمی ١٩٦٧دا، چووە دەرەوەی وڵات.
حکوومەتی یۆنان ساڵی ١٩٩٤ رەگەزنامەی لە شای پێشووی یۆنان سەندەوە.
کۆنستانتینۆسی دووەم کە لەنێوان ئیتاڵیا و بەریتانیا دەژیا لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیدا، بڕیاری دا لە یۆنان نیشتەجێبێت.
دوای ئەوەی موڵکەکانی خێزانی پاشایەتی لە یۆنان، بوونە موڵکی گشتی کۆنستانتینۆسی دووەم داوای قەرەبووی کرد و لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ١٣ ملیۆن یورۆی وەک قەرەبوو پێدرا.