Qais Omar Darwesh Omar,Mahmut Geldi
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
جەنین - AA
لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی و هەڵکوتانە سەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە، سێ کەس کوژران و ١٣ی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆسەر شاری جەنین، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ١٣ی دیکەش برینداربوون کە برینی سیانیان سەختە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بە سێ مووشەک خانوویەکی فەڵەستینییەکانیان لە شاری جەنین کردووەتە ئامانج.

لە دوای هێرشە ئاسمانییەکە، سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتاوەتە سەر شاری جەنین و گەمارۆی خستووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین.
بەگوێرەی گوتەی گەواهیدەران، هێزەکانی ئیسرائیل لە میانی هەڵکوتانە سەر شارەکەدا، گەمارۆی خانووی خێزانی زەکەریا زوبەیدی-یان داوە کە یەکێکە لە فەرماندەکانی لیوای شەهیدانی ئەقسا سەربە بزووتنەوەی فەتح.
گەواهیدەرەکان باسیان لەوە کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆ ماوەیەک بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی جەنین-یان کردووە و سوپای ئیسرائیلیش هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردەوە، یەکێک لەو کەسانەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە سەمیح فیراس ئەبو ئەلوەفا (٢١ ساڵ) یە.
ئاماژەی بەوە داوە کە سەربازانی ئیسرائیل لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین، گەمارۆی چەند خانوویەکیان داوە و سەربازەکان رێگریان لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن کردووە بۆ بردنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و چاودێری توندی دەروازەی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوەی کەمپەکەیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، رادیۆی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ''لە جەنین ژێرخانی دوژمن کرایە ئامانج''.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (Shabak) خاڵی ئۆپەراسیۆنی یەکگرتووی گرووپە فەڵەستینییەکانیان لە کەمپەکە کردووەتە ئامانج کە بە لیوای جەنین ناسراوە.
هاوکات لیواکانی عیزەددین ئەلقەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاند: ''بەیەکەوە شان بە شان دەچینە جەنگی بەرگریی لە کەمپی پەنابەرانی جەنین''.
