Haydar Şahin
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
تاران - AA
شارەکانی زەهەک و هیرمەند سەربە پارێزگای سیستان و بەلوچستان باشووری رۆژهەڵاتی ئێران بە پلەی گەرمی ٥٠ی سەدی، بوونە گەرمترین ناوچەی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، موحسین حەیدەری سەبارەت بە کەشوهەوای ناوچەکە رایگەیاند کە لە شارەکانی زەهەک و هیرمەند پلەکانی گەرما گەیشتووەتە ٥٠ پلەی سەدی، بەمەش بوونە گەرمترین ناوچەکانی وڵاتەکە.
موحسین حەیدەری بە ئاماژەدان بەوەی کە پلەکانی گەرما لە شاری زاهیدان، سەنتەری پارێزگای سیستان و بەلوچستان ٤٢ پلە بووە رایگەیاندووە کە لەمڕۆ دووشەممەوە لەگەڵ هەڵکردنی با، پلەکانی گەرماش دادەبەزن.
حەیدەری تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با، خۆڵ بارین لە پارێزگاکە روودەدات و هۆشداری دا بە خەڵکی پارێزگاکە ئەگەر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و لە کاتی کەمبوونەوەی مەودای بینین شۆفێری نەکەن.