Awad Rjoob
14 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2024
ڕامەڵڵا ــ AA
سوپای ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا، دوو خوشکی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ساڵح عاروری کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە بەیروت کوژرا، دەستگیرکرد.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی دیلی فەڵەستین، ئامانی سەراحینە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەوی ڕابردوو، سوپای داگیرکار، دەلال و فاتیمە عاروری کە دوو خۆشکی ساڵح عاروری-ن لە ماڵەکانی خۆیاندا لە پاڕیزگای ڕامەڵڵا و شاری بیرە ناوەڕاستی کەناری ڕۆژئاوا، دەستگیرکردووە".
لە ٢ی ئەم مانگەدا، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندبوو کە جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، ساڵح عاروری لەگەڵ شەش سەرکردەی حەماس لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل لە ناوچەی زاحییە باشووری بەیروت پایتەختی لوبنان کوژراون.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین "WAFA" بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل ١٥ کرێکاری دانیشتووی کەرتی غەززە لە شارۆچکەی بیدیا باکووری کەناری ڕۆژئاوا، دەستگیرکردووە.
ڕاشیگەیاندووە، کرێکارەکان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەسەر کارەکانیان دەرکرابوون و ڕوویان لە شارۆچکەی بیدیا کرد.
باسی لەوەش کردووە کە ١٥ کرێکارەکە لەناو باڵەخانەیەکدا لە شاڕۆچکەی بیدیا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، ٣٤٧ فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و چوار ھەزار و ٥٩٣ی دیکەش بریندارکراون.
ھاوکات یانەی دیلی فەڵەستین، دەستەی کاروباری دیلەکان و ئازادکراوەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، پێنج ھەزار و ٨٥٠ فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیر کراون.