Said Amori
14 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2024
قودس ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو ڕایگەیاند کە تەل ئەبیب بەردەوامە لە شەڕەکەی دژبە کەرتی غەززە و گوتیشی: "دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاھای لە میانی ئەو سکاڵایەی کە کۆماری باشووری ئەفریقا دژبە ئیسرائیل لە دادگاکە تۆماری کردووە، ناتوانێت لە شەڕی غەززە بمانوەستێنێت".
بێنیامین ناتانیاھو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: "ئێمە درێژە بە شەڕ لە کەرتی غەززە دەدەین تا دەگەینە ھەموو ئامانجەکانمان، نە دادگای لاھای و نە میحوەری شەڕئەنگێزی لە شەڕەکە نامانوەستێنن"، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە مەبەست لە میحوەری شەڕانگێزی چییە.
ڕاشیگەیاند: " ١٠٠ ڕۆژ بەسەر شەڕەکەمان لە کەرتی غەززە تێپەڕبووە و ئێمە درێژە بە شەڕەکە دەدەین تا ئەو کاتەی سەرجەم ئامانجەکانمان بەدی دەھێنین کە ئەوەیش لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی سەرجەم بەدیلگیراوە ئیسرائیلەکان، هەروەها دڵنیابوون لەوەی غەززە نابێتە ھەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەمان".
ئاماژەی بەوەیشدا: "بۆ بەدەیھێنانی ئەو ئامانجانە، بوودجەی زیاتر بۆ دەزگا ئەمنییەکانمان پێشکەش دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو گوتیشی: "بەبێ کۆنترۆڵکردنی میحوەری فیلادێلفیا سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسر، ناتوانین حەماس لەناو ببەین".
ڕۆژانی ١١ و ١٢ی ئەم مانگە دوو دانیشتنی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاھای لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە کۆماری باشووری ئەفریقا لە دادگاکە لەسەر ئێسرائیل تۆمار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە غەززە بەڕێوەچوو.