Ruslan Rehimov
01 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2020
باکو- AA
سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ لە باکو-ی پایتەخت پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کرد.
ئیلهام عەلیێڤ لە گوتاری پێشوازیکردندا، باسی لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئازەربایجان بۆ رزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان نامەی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پۆتین ناردووە و داوای یارمەتی لێکردووە.
سەرکۆماری ئازەربایجان لە بارەی چارەسەرکردنی پرسی ناوچەی قەرەباغ گوتی: "باشترین بژاردە ئەوەیە کە ئەرمینیا شکستی خۆی رابگەیەنێت و لە خاکی وڵاتەکەمان بکشێتەوە و کێشەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت".
ئیلهام عەلیێڤ سوپاسی پشتیوانییەکانی حکوومەت و گەلی تورکیا-ی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە میدیا تورکییەکان جارێکی دیکە یەکێتی ئازەربایجان و تورکیایان نیشاندایەوە.
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەسەر فەرمانی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتووەتە ئازەربایجان و گوتی: "سەرکۆمارمان فەرمانی پێکردوین کە ئازەربایجان-ی دۆست تەنها جێنەهێڵین، سەربەرزین بە سەرکەوتنەکانتان، بەڕاستی ئێوە هێزی تورکتان نیشانی جیهان دا."
مەولود چاوشئۆغلو ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێری پێکدادانەکانی ناوچەی قەرەباغ دەکات و ستایشی هەڵوێستی ئازەربایجانی کرد بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسەکە لە رێگای دانوستانەوە.