Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرکوماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە رایگەیاند کە عێراق ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئوردن لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و وەبەرھێناندا، پتەوتر بکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئوردن لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و وەبەرھێناندا، پتەوتر بکات.
ھەروەھا سەرکوماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید باسی لەوەیش کردووە کە عێراق دەیەوێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی و پیشەسازی دەرمانسازییدا، سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئوردن وەربگرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە بەرقەرابوونی ئاسایش لە عێراق، ھۆکارێکی سەرەکییە لە بەرقەراربوونی ئاسایش لە ناوچەکە.
ھەروەھا بیشر ھانی خەساونە جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی فراوانترکردنی ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ئوردن و عێراق لە بوارەکانی وزە، ئابووریی و پیشەسازییدا و رایگەیاندووە کە عێراق و ئوردن بە ھاوبەشی ھەوڵەکانیان لە رووبەڕبوونەوەی تیرۆردا خستووەتەگەڕ.
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.