Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە گرنگی زانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بە خێمەیەک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بمێنێتەوە و داوایشی لە سەرکۆماری عێراق کرد کە کێشەکەی پاتریارکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، کاردینال لویس ساکۆ چارەسەر بکات.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە پاتریارک و سەرۆکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، کاردینال لویس ساکۆ.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کشاندنەوەی فەرمانی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراقی تایبەت بە سەرۆکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، دووپاتی کردەوە کە گرنگە عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە بە خێمەیەک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بمێنێتەوە، ھەروەھا ھیوای خواستووە کە سەرکۆماری عێراق بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، بڕوا، پرەنسیپ و جوانی عێراق لەوەدایە، نیشتمانی ھەموو پێکھاتەکان بێت و تیایدا مافی ھەمووان پارێزراو بێت.
لای خۆیەوە کاردینال ساکۆ دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان سەرزەمینی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنە و شانازی پێوە دەکەن و ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو کێشەیە ھەرگیز ڕێگا لە کار و ئەرکەکانی ناگرێت و بەردەوام دەبێت لە پارێزگاریکردن لە عێراق و پێکەوەژیان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی دەشتی نەینەوا و ژمارەیە پرسی دیکە کە تایبەت بوو بە دۆخی کڵێسا و مەسیحییەکان بەگشتی.
سێی ئەم مانگە، مەرسومی ژمارە (٣١)ی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لەبارەی بڕیاری کشاندنەوەی مەرسومی ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣ لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە.
لە مەرسومی کۆماریی عێراق ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣دا، پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، درابوو بە کاردینال لویس ساکۆ.
پێشتر سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید ھەڵویستی خۆی نیشاندابوو لەبارەی کشاندنەوەی کشاندنەوەی مەرسومی ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣ و رایگەیاندبوو کە ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووریی بوو، چونکە بەبێ بنەمای دەستوریی و یاسایی دەرچووە.