Heman Hussein Yaseen
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
ھەولێر - AA
دوای ئەوەی بەیانی رۆژی شەممە، سەرکۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بە مەبەستی بەشداریی کردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی گەیشتبووە شارهكه و دوای تەواوبوونی لووتکەکە و دیدار و کۆبوونەوەکانی له بهغدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ماكرۆن بە سەردانێک گەیشتە ھەولێر.
ئیمانوێل ماکرۆن لهگهڵ گەیشتنی بە پایتهختی ههرێمی كوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمێکی فەرمییدا پێشوازیی لێ کرا.
دوای رێوڕەسمی فەرمی پێشوازیی، نێچیرڤان بارزانی ئەندامانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستانی بە ئیمانوێل ماکرۆن ناساند کە لە پێشوازیی دابوون کە پێکهاتبوو لە ههریهك له جێگرانی سەرۆکی هەرێم، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و وەزیری ئاوەدانکردنەوە، دانا عەبدولکەریم و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی و و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو و راوێژکاری سەرۆکی هەرێم، فەلاح مستەفا و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆلەمەڕی.
پاشان ماکرۆن ئەندامانی شاندی یاوەری بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناساند کە لە ژمارەیەک وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان و راوێژکار پێکهاتبوون.
جگە لەو شاندە فەرمییەی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتیی بە جلوبەرگی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی ئیمانوێل ماکرۆندا دابوون.
بەپێی راگەیاندراوی کۆشکی ئێلیزێ، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەسەردانەکەیدا بۆ ھەولێر لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ماکرۆن دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی شاری مووسڵ بکات و لەوێش ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت.
جێی ئاماژەیە ئەمە پێنجەم کۆبوونەوە نێوان سەرکۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییە.
کۆبوونەوەی یەکەمیان لە دووی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لە کۆشکی ئێلیزێ، کۆبوونەوەی دووەم لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٩ لە کۆشکی ئێلیزێ، کۆبوونەوەی سێیەم لە دووی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە بەغدا، کۆبوونەوەی چوارەم لە ٣٠ ئاداری ٢٠٢١ لە کۆشکی ئێلیزێ و ئەم کۆبوونەوەیەش ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاب لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت.