Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو فەڕەنسا بەرێكەوت.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بەغدای پایتەختی جێهێشتووە و بەرەو پاریس پایتەختی فەڕەنسا بەرێكەوتووە ئەوەیش لە چوارچێوەی گەشتێكدا كە بۆ ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا ئەنجامی دەدات و هەریەك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دەگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، شاندێكی حكوومەتی عێراق كە ژمارەیەك وەزیر و سەرۆكی دەستەكانی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەكەین لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكانیدا بۆ فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە ئەنجام دەدات كە لە میانیاندا سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندیی و هاوكارییە هاوبەشەكانی عێراق لەگەڵ فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا گفتوگۆ دەكرێت بەتایبەتیش لە بوارەكانی ئابووری، ئەمنی و تەندروستیی و جگە لەوەیش لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا، دوایین پێشهاتەكانی سەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ دەكرێن.