Emre Gürkan Abay,Ruslan Rehimov
27 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2021
مۆسکۆ- AA
سەرۆکی رووسیا ڤلادەمیر پوتین، سەرکۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلییەڤ و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان لە شاری سۆچیی رووسیا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پوتین ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوای گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پرسی ناوچەی قەرەباغ، بەرەوپێشچوونی گرنگ هاتووەتە ئاراوە بەڵام هەندێک کێشە تا ئێستاش بەردەوامن، گوتیشی: "لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کۆمەڵێک رووداوی دڵتەزێن روویاندا، کەسانێک بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا. ئەمە بابەتێکە کە پێویستە سەرنجی بخەینەسەر".
سەرۆکی رووسیا باسی لەوەش کرد کە ئەو کۆمسیۆنەی لەلایەن یاریدەدەرانی سەرۆک وەزیرانی رووسیا، ئازەربایجان و ئەرمینیاوە سەرۆکایەتی دەکرێن گەیشتوونەتە ئاستێکی باش و گوتیشی: "چەندین سەدە پێکەوە یەک دەوڵەت بووین و مێژوویەکی زۆر دێرینمان هەیە کە نامانەوێت لەناوبچێت. هەردوولاش خواستیان هەیە بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان".
لای خۆشییەوە سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلییەڤ بە ستایشەوە باسی رۆڵی رووسیای لە پرسی ناوچەی قەرەباغ کرد و رایگەیاند: "ئازەربایجان لە ماوەی یەک ساڵی دوای کۆتاییهاتنی شەڕدا هەم شوێنەوارەکانی جەنگی سڕییەوە و هەم هەڵوێستی خۆی بۆ کردنەوەی رێگای هاتووچۆ نیشاندا، لە ئێستاشدا نزیکەی تەواوی بەندەکانی ئەو رێککەوتننامە سێقۆڵییە جێبەجێ کراون کە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا واژۆ کراون. لەم بوارەشدا پشتیوانی و راوێژکارییەکانی رووسیا بەرز دەنرخێنین".
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئازەربایجان چووەتە ناو خاکی ئەرمینیا و رایگەیاند: "قۆناغەکە لە قەرەباغ بەوشێوەیە سەقامگیر نییە کە ئارەزوو دەکرێت. لە ١٢ی ئایارەوە تا ئێستا گرژی لەسەر سنووری ئازەربایجان- ئەرمینیا هەیە".
پاشینیان، باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە دیاری کردنی هێڵی سنوور دەکات و گوتیشی: "ئەرمینیا چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دیاری کردنی سنوور دووپات کردوەتەوە. هەروەها پرسی کردنەوەی رێگاکان و چالاک کردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانیش بۆ ئێمە زۆر گرنگن و لە نزیکەوە گرنگی بە چارەسەر کردنی ئەم کێشانە دەدەین".