Sarmand Hameed
23 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانییەوە پێشوازیی لێکرا.
جۆرجیا میلۆنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، سەیوان بارزانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤاڵا فەرید و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئانۆ جەوهەر و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، رێزان حەمەساڵح ئاغا پێشوازیی لێکرا.

لەو سەردانەیدا بۆ هەولێر سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆمار، عەبدوللەتیف رەشید و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبوویەوە.