Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی سەرکەوتنی کاندیدی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا بڵاویکردەوە، هیوای خواست پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەھێزتربن.
مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە ھەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی پیرۆزبایی لە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا ھاریس کردووە و نووسیوویەتی:
"پیرۆزبایی پێشکەش بە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا جۆ بایدن و جێگری سەرۆک کامالا ھاریس دەکەم، دەخوازم پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتمان بەھێزتربن بەرەو ئایندەیەکی بنەڕەت لەسەر رێز و ھەماھەنگیی ھاوبەش بۆ تێپەڕاندنی تەحەداکان و پشتیوانی لە ئاشتی و ئاسایش و ئۆقرەیی".
دوێنێ شەممە، میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی کاندیدی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، جۆ بایدن-یان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا راگەیاند، و بەمەش بایدن بووە ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
.