Betül Yürük
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
نیویۆرک - AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند: ''بەڵێن دەدەم ببمە سەرۆکێکی یەکگرتن، نەک دابەشکردن''.
بایدن لە شاری ویلمینگتۆن لە ویلایەتی دیلاوێر، لەگەڵ کامالا هاریس کە بۆ جێگری سەرۆک هەڵبژێردراوە گوتاری سەرکەوتنی پێشکەش کرد.
دوای ئەوەی هاریس بانگهێشتی کرد بۆ پێشکەش کردنی گوتارەکەی، بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە شانازی دەکات بەو متمانەیەی گەلی ئەمریکا پێیبەخشیوە.
بایدن رایگەیاند: ''بەڵێن دەدەم ببمە سەرۆکێکی یەکگرتن، نەک دابەشکردن. دەبمە سەرۆکێک کە وڵات تەنیا وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببینم، نەک وەک ویلایەتی سوور یان شین''.
گوتیشی: ''لەو بێ ئومێدیە تێدەگەم کە دەنگدەرانی سەرۆک ترەمپ دووچاری بوون. منیش دوو جار شکستمهێنا بەڵام با ئێستا چانس بدەینە یەکتری. ئێستا کاتی ئەوەیە لێدوانی توند وەلانێین، گرژی کەمبکەینەوە و گوێ لە یەکتری بگرین. ناچارین واز لەوە بهێنین کە وەک دوژمن هەڵسکەوت لەگەڵ رکابەرەکانمان بکەین، ئەوان دوژمنمان نین، ئەمریکین''.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا باش بکرێت، بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ببینەوە، ئابووری باش بکرێت، رزگار ببین لە رەگوریشەی رەگەزپەرستی و دەست بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا بکەین و، گوتی: ''لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا، رۆژی یەکشەممە، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، پلانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە دەخەینەکار و تیمێک لە زانایان و شارەزایانی دیار دروست دەکەم''.
لەلای خۆیەوە کامالا هاریس، کە بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوە، ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی ئەمریکا یەکێتیی، راستی و زانستی هەڵبژاردووە و، بەیەکەوە داهاتوویەکی باشتر بنیات دەنێن.
هاریس باسی لەوە کرد کە ئەمریکا رۆژێکی نوێی دەستپێکردووە و، رایگەیاند: ''رەنگە یەکەم ئافرەتبم کە ئەو پۆستە دەگرمە دەست، بەڵام دوایین نابم''.
هاریس باسی لەوە کرد کە رێگای بەردەمیان ئاسان نییە و، گوتی: ''سەرۆکێکمان هەڵبژاردووە کە رێز لە جیهان دەگرێت''.