Emre Aytekin,Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
براکەی سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعوودیە کە لە لەندەن دەژی، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز ئال سعوود، لەدوای ئەو قەیرانەی بە هۆی کوشتنی جەمال خاشقجی لەناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ لە وڵاتەکەی سەریهەڵداوە، گەڕایەوە سعوودیە.
بەپێی هەواڵێک کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە، دوایین برای شا سەلمان لە هەمان دایک و باوک کە لە ژیاندا مابێت، شازادە ئەحمەد لە لەندەن-ەوە گەڕاوەتەوە ریاز.
گەڕانەوەی شازادە ئەحمەد وەک هەڵمەتێک بۆ هاوسەنگکردنی دەسەڵاتی کوڕەکەی شا سەلمان، شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان لێکدەدرێتەوە ئەوەیش لەدوای ئەو کاردانەوە نێودەوڵەتییانەی لەدوای کوژرانی جەمال خاشقجی ئاراستەی ناوبراو کراون بە هۆی رۆڵی گریمانەکراوی لە کوشتنی خاشقجی-دا.
سەبارەت بە گەڕانەوەی شازادە ئەحمەد، شازادە فەیسەڵ بن تورکی بن فەیسەڵ لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، رایگەیاند "گەورەم (باوکم) شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز بەخێربێنەوە. بە هاتنتان ریاز رووناک بوویەوە".
شازادە ئەحمەد کە دوایین منداڵی هاوسەرەکەی شا عەبدولعەزیز، حسسە بنت ئەحمەد سودێری-یە، وەک کەسایەتییەکی بەهێزی نێو خێزانی شاهانە تەماشا دەکرێت. شازادە ئەحمەد لەنێو ئەو حەوت برایەدا تاکە کەسە کە دەتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست.