29 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بە پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا، حەسەن کەعبی ئاماژەی بەوەکردووە کە راگەیاندنی پلانی ئاشتی لەم کاتەدا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ-ەوە جێگای گومانە، جگە لەوەیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گرژییەکی نوێ و هەموو ئەو هەوڵەنەش لەباردەبات کە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکدا خراونەتەگەڕ.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ لاوازبوونی حکوومەتەکانی عەرەبی و یەکنەگرتوویی هەڵوێستەکانی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بەرامبەربە پرسە چارەنووسسازەکان کە پەیوەستن بە ناوچەکە، قۆستووەتەوە.
حەسەن کەعبی راشیگەیاندووە کە ئامادەبوونی باڵیۆزانی ئیمارات، سوڵتانشینی عومان و بەحرێن لە کۆنگرەی راگەیاندنی گرێبەستی سەدەدا مایەی نیگەرانییە و داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بە پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل هەبێت کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پلانەکەی لە ٨٠ لاپەڕە پێکھاتووە و جەختی لەوەکردەوە کە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستینیش.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.