Gülşen Topçu
29 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2020
قودس-AA
سهرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو دوابه‌دوای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه هاوبه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی به‌ناو "گرێبەستی سه‌ده"وه لێدوانی بۆ رۆژنامه‌نووسان دا و رایگه‌یاند "شارۆچكه‌ی ئهبودیس له قودسی رۆژهه‌ڵات ده‌بێته پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیلیش له ته‌واوی یه‌كه جوولهكهنشینهكانی كه‌ناری رۆژئاوا سه‌روه‌ری خۆی راده‌گه‌یه‌نێت.
بێنیامین ناتانیاهو گوتیشی: "بۆ ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ره‌زامه‌ندیمان له ئه‌مریكا وه‌رگرتووه".
سهرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو باسی له‌وه‌یشكرد كه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی ئاشتی، ئه‌مریكا چه‌ند مه‌رجێكی داناوه له‌وانه "داننان به ده‌وڵه‌تی جووله‌كه له یه‌كه جووله‌كه‌نشینه‌كان"، "داننان به سه‌روه‌ری ئیسرائیل له قودس" و "چاوپۆشیكردنی ره‌ها له مافی دووباره گه‌ڕانه‌وه".
بێنیامین ناتانیاهو جه‌ختی له‌وه كرده‌وه تا ئه‌م مه‌رجانه جێبه‌جێ نه‌كرێن جگه له یه‌كه جوولهكهنشینهكانی دۆڵی ئوردن، یه‌هودا و سامیرا له ناوچه‌ی "C"ی كه‌ناری رۆژئاوا هیچ گۆڕانكارییه‌ك روونادات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێن ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بێت له پاراستنی سه‌روه‌ری خۆی له‌و ناوچانه.
سهرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو ئه‌وه‌یشی وه‌بیرهێنایه‌وه كه به‌ڵێنیان داوه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هیچ یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی جووله‌كه له ناوچه‌ی "C"ی كهرنای رۆژئاوا دروست نه‌كه‌ن و ئه‌و یهكانهشی له‌ئێستادا له قۆناغی بنیاتناندان فراوانتریان نه‌كه‌ن و گوتی: "له كۆتاییدا ئیسرائیل سه‌روه‌رییه‌كی مه‌رجدار و سنووردار ده‌دات به فه‌ڵه‌ستینییه‌كان".
به‌گوێره‌ی "رێككه‌وتنی ئۆسلۆی دووەم" كه ساڵی 1995 له‌نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل‌دا واژووكراوه كه‌ناری رۆژئاوا بۆ سێ ناوچه‌ی "A،B و C" دابه‌شكراوه.
هه‌ر به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه ناوچه‌ی "A" كه له‌سه‌دا 18ی كه‌ناری رۆژئاوایه به‌ڕێوه‌بردن و ئاسایشی دراوه‌ته فه‌ڵه‌ستین، ناوچه‌ی "B" كه سه‌دا 21ی ناوچەکەیە ئیداره‌ی به‌ده‌ست فه‌ڵه‌ستین و ئاسایشی به‌ده‌ست ئیسرائیله‌وه‌یه، ناوچه‌ی " C" كه سه‌دا 61ی كه‌ناری رۆژئاوا پێكدێنێت هه‌م به‌ڕێوه‌بردن و هه‌م ئاسایشی به‌ده‌ست ئیسرائیله‌وه‌یه.
به‌پێی سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانی فه‌ڵه‌ستینیش ته‌نها له ساڵی رابردوودا هێزه ئیسرائیلییه‌كان 521 خانووی فه‌ڵه‌ستینییه‌كانیان له قودسی رۆژهه‌ڵات و كه‌ناری رۆژئاوا به‌پاساوی نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه رووخاندوه.
ئێواره‌ی دوێنێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەنووسی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سهرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو ناوه‌ڕۆكی به‌ناو "گرێبەستی سه‌ده"ی ئاشكرا كرد كه تیایدا شاری قودس وه‌ك پایته‌ختی یه‌كپارچه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ناسێندراوه.
دۆناڵد تره‌مپ له‌میانی گوته‌كانیدا ئه‌وه‌ی راگەیاند كه ئه‌م پلانه كۆتا چانسی فه‌ڵه‌ستینییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی ببن به خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت.