Zana Natık Kerem
18 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2019
بەغدا ــ AA
دەستەی دەستپاکی عێراق ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی کە بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگاکراون بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە میانی ساڵی رابردوودا، سێ هەزارو ٧٠ تۆمەتبار بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگاکراون، ھەروەھا ٤٢ فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرگرتن کە بۆ ژمارەیەک وەزیر و خاوەن پلە تایبەتەکان دەرکرابوون، جێبەجێکراون.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، عززەت تۆفیق جەعفەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی ساڵانەی دەستەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ خستەڕوو.
عززەت تۆفیق جەعفەر ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو دۆسیەیانەی تایبەت بە گەندەڵی کە دەستەی دەستپاکی لە ساڵی ٢٠١٨دا کاری لەسەرکردووە گەیشتووەتەوە ١٢ ھەزارو و ٣٩٨ دۆسیە کە لەو ژمارەیە ھەشت ھەزارو ٩٣٨یان یەکلایی کراونەتەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکراشیکرد کە لە میانی ساڵی ٢٠١٨دا، سێ ھەزار و ٧٠ کەس بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگاکراون لەنێویاندا ١١ وەزیر و ١٥٦ کەس لە خاوەن پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی.
دەستەی دەستپاکی دەستەیەکی سەربەخۆیە و بەستراوەتەوە بە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە فەرمانگە و دامەزراوە حکوومییەکاندا.