Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە حكوومەتەكەی ناچێتە جەنگەوە دژ بە هاووڵاتییانی كورد لە بەرامبەر ئەو قەیرانەی كە لە ئەنجامی ریفراندۆم سەری هەڵداوە.
بە پێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەم لێدوانەی حەیدەر عەبادی لە میانی دیدارێكدا هات لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسان و سەرۆكهۆزەكانی پارێزگای ئەنبار.
حەیدەر عەبادی گوتی: "سوپا لە دژی گەلەكەمان بەكارناهێنن و ناچینە جەنگەوە دژ بە هاووڵاتییانی كورد، ئەركی ئێمەیە یەكپارچەیی وڵات بپاریزین، دەستوور جێبەجێ بکەین و هاووڵاتییان و سامانی نیشتمانی بپارێزێن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "رێگە بە دووبارە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و دووبارەکردنەوەی گوتاری تایفی و دابەشبوون، نادەین".
ئەم لێدوانەی حەیدەر عەبادی دوای ئەو راگەیەنراوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دێت كە دوێنێ چوارشەممە رایگەیاندبوو " ئاماژەی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات لە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵیی بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و باكووری مووسڵ".