Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و هاوتا كەنەدییەكەی، فرانسوا فیلیپ تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان كرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن و فرانسوا فیلیپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە كە كۆپییەكی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و كەنەدا لەسەرجەم بوارەكاندا كراوە.
باس لەوەشكراوە كە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئاماژەی بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا داوە سەبارەت بە داخستنی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا و جەختیكردووەتەوە كە حكوومەتی عێراق رێوشوێنی توندی بۆ پاراستنی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق گرتووەتەبەر، هەروەها ئەنجامی سەردانەكەی ئەم دواییەی كە بۆ تاران ئەنجامی داوە خستووەتەڕوو.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی كەنەدا، فرانسوا فیلیپ پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ حكوومەت و گەلی عێراق لە رووبەڕوبوونەوەی ئالنگارییەكان دووپاتكردووەتەوە و جەختیكردووەتەوە كە كەنەدا هەروەك چۆن لە شەڕی دژبە داعش پشتیوانی عێراق بوو، بەهەمان شێوە لە بەدیهێنانی سەقامگیری، بنیاتنانی ئابووریی و پاراستنی سەروەریش پشتیوانی دەبێت.