Rawan Subhi Obaidullah
06 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2023
دهۆك-AA
ئه‌مرۆ له دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانی بۆ هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د و وه‌زيرى ته‌ندروستى، سامان به‌رزنجى سه‌باره‌ت به گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركيا، ئەنجامدرا.
وه‌زيرى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رايگه‌ياند: "له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی بڕیاردرا هاوكاری و كۆمه‌كی مرۆیی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا رەوانە بكرێت".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، فه‌رمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌سات و دۆخه لهناكاوهكان (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،٧ پلە پارێزگای مەڕەشی تورکیای هەژاند و تاكو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووه‌تە هەزار و ٤٩٨ کەس و هەشت هەزار و ٥٣٣ کەسیش بریندارن.
وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتيشى: "له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه فه‌رمانی به گشت داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت كردووه، هه‌رچی له توانادایه به‌رده‌ستی بكه‌ین و ره‌وانه‌ی ئه‌وبه‌ری سنووری بكرێت. وڵاتى توركیا داوای له هه‌رێمی كوردستان كردووه کە تیمی ته‌ندروستیی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ژێر داروپه‌ردوو ماونه‌ته‌وه، ره‌وانه‌ی وڵاتەکە بكه‌ین".
لەلایەکی دیکەوه وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لهراگهيهندراوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە "تیمەکانی فریاگوزاریی، پزیشکی فریاکەوتن و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستیی و ئەمبوڵانس لەگەڵ بڕێکی زۆری پێداویستی پزیشکی بەڕێکەوت بۆ تورکیا بەمەبەستی بەهاناوەچوون و پشتیوانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەى توركيا".
وه‌زیری ناوخۆیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ى ئه‌وان له ده‌زگاكانى راگه‌ياندن بينيويانه، قەبارەی بوومەلەرزهكهى توركيا گه‌وره‌يه، زۆرێك له هاووڵاتيان بوونه‌ته قوربانى و ژماره‌يه‌كى زۆرێك برينداربوون، ژمارەیەک خانوو و باڵەخانە تەختی زەوی بوون و گوتیشی: " بۆيه توركيا پێويستى به زۆرێك له‌و هاوكارييهكانه، به‌ڵام چاوه‌رێى داواكاریى توركيا ده‌كه‌ين، له ئێستاوه فرياگوزارى سهرهتاييمان بۆ ناردووه، چ پێويست بكات ئێمه پێشكه‌شی ده‌كه‌ين".
هاوکات دەزگای خێرخوازیی بارزانى بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا تیمێکی ٤٠ کەسیی فریاگوزاریی شارستانیی و پزیشکی بۆ تورکیا ناردووە.